پەدەکە چۆن لە دۆسییەی نەوتدا کەوتووەتە قەیرانەوە؟

وسام زەهرونی

تا ئێستا دۆسییەی نەوتی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم هەڵپەسێردراوە و لە کاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق دانی بە قەیرانەکە و ئاڵۆزییەکانی و سەختی چارەسەرکردنیدا ناوە، چاودێران و سیاسەتمەداران پەدەک لەو ئاڵۆزییە بە بەرپرسیار دەزانن، چونکە کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی نەوت دەکات.

ئەم دۆسییەیە بە یەکێک لە دیارترین دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان دادەنرێت، هەردوو حکومەتیش نەگەیشتنە چارەسەری تێدا، سەرەڕای بوونی بڕگەیەک لە بودجە و ڕەشنووسی یاساکانی پەیوەست بەو دۆسێیەوە، هەروەها ڕێککەوتنیش لەنێوان هەولێر و بەغدا ئەنجامدرا، بەڵام پەدەکە بەردەوام بوو لە پێشێلکردنی هەموو بەڵێن و ڕێککەوتنەکان، ئەمەش بووە هۆی خراپتربوونی دۆسێیەکە، بەتایبەتی ئەو نەوتەی هەناردەی تورکیا دەکرێت، کە پێویستی بە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی هەبوو بۆ وەستاندنی.

غیاس سورچی
غیاس سورچی

غیاس سورچی کادری پێشکەوتووی یەنەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژ نیوز ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی هاتووە بەهۆی زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت، بەغدا و هەولێر، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوڵاتییان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی مووچە وەردەگرن وەک فەرمانبەر.

سورچی دەشڵێت: زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان و بیرە نەوتییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵات و کاریگەری پەدەکەدان، دۆسییەی نەوتیش دەکەوێتە چوارچێوەی کارەکانی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم، کە لەکاتی دامەزراندنی وەزارەتەکەوە تا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدا بووە.

 سورچی داوا لە هەردوو حکومەت دەکات، چارەسەری ڕاستەقینە بدۆزنەوە و هەوڵی زۆر بدەن بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەو پێیەی هاوڵاتیی بووەتە قوربانی، هەر ئەوە کە باجەکەی دەدات و بەبێ مووچە لە ژێر دەسەڵاتی دامودەزگاکانی هەرێمدا دەژی.

لەلایەکی دیکەوە، لە ڕاگەیاندراوێکدا عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت، وتی: دۆسیەی ڕادەستکردنی نەوتی دەرهێنراو لە هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی فیدراڵی ئاڵۆزە، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی هەڵەکانی پێشوو، هەروەها ئەو گرفتانەی بەردەم حکومەتی عێراق بەگشتیی بووە هۆی ئەوەی هەرێم نەوت هەناردە بکات و گرێبەست ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی.

هەروەها ئاماژەى بەوەشکردوە، کە حکوومەتی ئێستا چارەسەرکردنی ئەم گرفتەی بە پێی شێوازی یاسایی و دەستووری و بە پێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە خزمەت بەرژەوەندی گشتییدا کردووەتە پێشینەی کارەکانی.

وتەبێژی وەزارەتى نەوتى عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق،  وەزارەتی نەوتی ڕاسپاردووە بۆ پێکهێنانی چەند لیژنەیەک تا سەردانی هەرێم بکەن و پێداچوونەوە بکەن و چارەسەرێک بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بدۆزنەوە.

جێگای سەرنجە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣، حکومەت لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ پەرەپێدانی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز و خستنەڕووی بۆ حکومەت، بەمەبەستی دەنگدان لەسەری و دواتر تێپەڕاندنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، لیژنەکە پێکهاتبوو لە وەزیری نەوت، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای “سۆمۆ”، و بەرپەرسی لە وەزارەتی نەوتی عێراق، هەروەها پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی وەک بەسرە، دی قەر، میسان، و کەرکوک.

نزیکەى ١٥ ساڵە خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر یەکلایی نەکراونەتەوە، بەڵام سوودانی لەم دواییانەدا ئاشکرای کرد، کە لەگەڵ هەولێر ڕێککەوتن کراوە لەسەر ئەو خاڵانە، هەروەها لە کارنامەی حکومەتەکەیدا یەکلاییکردنەوەی ئەو بڕگانەی بە پێشینەی کارەکانی گرتووە، دیارترینیان پڕۆژە یاسای نەوت و غاز و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکانە.

عەلی فەزڵوڵا
عەلی فەزڵوڵا

عەلی فەزڵوڵا شرۆڤەکاری سیاسی بۆ ڕۆژ نیوز وتیشی: حکومەتی عێراق هەمیشە لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێم سازش دەکات لەبەر زۆر هۆکار لەوانە، لەبەرئەوەی کە حکومەتی عێراق لە ناوەڕۆکدا گیرۆدەی بەرژەوەندی کەسی و حزبیە ، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، کە هەرێم بە باشی ئاگادارە حکومەتی ناوەندی سازش لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.

ئاماژەى بەوەشکرد،، هەولێر گوێ بە خاڵێکی گرنگ نادات، کە ئەویش ئازار و نەهامەتیەکانی گەلی کوردە، ئەگەر هەولێر گرنگی بەو شتانە نەدات کە هاوڵاتیی کورد چی دەکێشیت، زۆر باشیش دەزانێت کە حکومەتی ناوەندی عێراق پەرتەوازەیە بەهۆی بەرژەوەندی کەسی و حزبی ئەوا بێگومان کێشەکان بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە و چارەسەرەکان هەمیشە لە بەرژەوەندی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمدا دەمێننەوە نەک لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراقیدا.

ئەو شرۆڤەکارە باس لەوەش دەکات، چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە نەک بە پچڕ پچڕی، بەڵام من وا نایبینم کە چارەسەری ڕاستەقینە هەبێت لەلایەن هەولێرەوە، لانیکەم لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو شتە ڕوو نادات.

دەستەی دادوەری ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٣ بڕیاری دەرکرد، لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ لە دژی تورکیا تۆماری کرد، سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هێڵی بەندەری جەیهانەوە بۆ تورکیا، ، لە کۆتایدا بڕیارەکە لە بەرژەوەندی عێراق کۆتایی هات.

بەگوێرەی بڕیارەکە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕاستەوخۆ وەستاوە، تورکیاش عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە ڕێگە نادات ئەو بارانەی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەڵدەگرن، بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بەندەری کەناراوی جەیهان بەجێبهێڵن ، جگە لە سەپاندنی سزای یەک ملیار ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کە تورکیا وەک قەرەبوو دەبێت بیدات بە عێراق،  لە پای هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە درێژایی ئەم ساڵانە.

جێگای ئاماژەیە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو، مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنی کاتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیەکەدا سودانی ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەکەی ڕاگرت، زیانی لە کۆی داهاتی نەوتدا لە بودجەی عێراقدا ، و لەسەر ئەم بنەمایە دانوستان بۆ واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە ئەنجامدرا.

ڕ.ش

Comments are closed.