عەرەبەکان پێشوازی لە پێشنیارێکى توركمانەکان لەبارەى دیاری كردنی پارێزگاری كەركووك دەکەن

ناوەندی هەواڵەكان

نازم شەمەری ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی ڕای عەرەبی پێشوازی لە پێشنیارێکى توركمانەکان سەبارەت بە دیاری كردنی پارێزگاری كەركووك دەکات، كە تێیدا هاتووە پۆستی پارێزگاری كەركووك هەر ساڵێك لەلایەن پێكهاتەی كورد، عەرەب و توركمانەوە بەڕێوە ببردرێت، دەشڵێت، ئەم هەنگاوە گەرەنتی سەقامگیری پارێزگاكە دەکات.

نازم شەمەری، ڕێكخەری ئەنجوومەنی ڕای عەرەبی لە كەركووك، سەبارەت بە پێشنیارێکى توركمانەکان لەبارەى دیاری كردنی پارێزگاری كەركووك و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی شارەكە بەمجۆرە بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

نازم شەمەری بە كەناڵی “بەغداد یوم”ـی ڕاگەیاندووە، ئەنجوومەنی ڕای عەرەبی پێشوازی لە پێشنیارێکى توركمانەکان سەبارەت بە دیاری كردنی پارێزگاری كەركووك دەکات، كە تێیدا هاتووە پۆستی پارێزگاری كەركووك هەر ساڵێك لەلایەن پێكهاتەی كورد، عەرەب و توركمانەوە بەڕێوە ببردرێت.

ئەوەشى خستەڕوو، ئێمە ئەم هەنگاوە وەك ڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركووك دەبینین.

باسى لەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە گەرەنتی سەقامگیری پارێزگاكە دەکات، چونکە كۆتایی بەسەرجەم گرژیەکانەوە دەهێنێت.

جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو،  بەڵام تا ئێستا لە کەرکووک و دیالە نەتوانراوە پۆستى پارێزگار یەکلا بکرێتەوە و لەنێوان لایەنە براوەکاندا ململانێ هەیە.

هـ.ئ

Comments are closed.