یونیسێف: بەهۆی شەڕەكانی غەزەوە زیاتر لە ١٣ هەزار منداڵ كوژراون

ناوەندی هەواڵەكان

سندوقی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونیسێف) ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕەكانی حەماس و ئیسرائیل لە غەزە ١٣ هەزار و ٧٥٠ منداڵ كوژراون، تەنها دوای دەرچوونی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەستی غەزە ١٠ منداڵ كوژراون.

سندوقی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە بارەی ژمارەی منداڵە كوژراوەكانی غەزە و دۆخی منداڵی غەزە ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەهۆی شەڕەكانی حەماس و ئیسرائیل لە غەزە ١٣ هەزار و ٧٥٠ منداڵ كوژراون، تەنها چەند كاتژمێرێك دوای دەرچوونی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەستی غەزە ١٠ منداڵ كوژراون، هەروەها هێزەكانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە سەرتاسەری كەرتی غەزە.

ئاماژە بەوەشكراوە، منداڵانی غەزە لە دۆخێكی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن و برسێتی تەواوتی باڵی كێشاوە بەسەر غەزەدا، هەروەها منداڵانی غەزە زۆرترین باجی شەڕەكە دەدەن.

٢٤ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەكی پەسەند كرد، كە تێیدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە كەرتی غەزە دەكات، بەو مەرجەی كە ئەمە ببێتە هۆی ئاگربەستی هەمیشەیی و ئازادكردنی بێ مەرجی سەرجەم دەستگیركراوەكان، بەڵام تا ئێستا ئیسرائیل پابەنی بڕیارەكە نییە و بەردەوامە لە هێرشەكانی.

هـ.ئ

Comments are closed.