ژنان کەلتووری جلوبەرگی کوردیی دەپارێزن

سلێمانی

پاراستنی ناسنامە و شووناس لە ڕێگەی جلوبەرگ، زمان، خواردن..هتد پێویستترین کارە، کە دەبێت هەموو گەلان لەپێناو مانەوەیاندا ئەنجامی بدەن، هەربۆیە لەم سەردەمەشدا بە گەڕانەوە بۆ کەلتوورە لە پێشینەکانمان ژنانی کورد بوونەتە پارێزەری جلوبەرگی ڕەسەنی کوردیی.

لەمڕۆدا بەشێکی زۆری ژنانی کورد لەپاڵ هەوڵدانیان بۆ بەدەستهێنانی ئابووری سەربەخۆی خۆیان، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕێباز و کەلوپەلی جوانکاریی لەپێشینەکانیان، هەوڵەدەن ڕەسەنایەتی پۆشاکی کوردیی و کەلوپەلە جوانکارییەکانی ڕۆژانەی ژنان بپارێزن.

یەکێک لەو ژنانە تەلا عوسمانە، کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ڕێگەی دوورینى پۆشاکی کوردیی بۆ ژنان خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیەتی و هاوکات، پارێزەری شووناسی نەتەوەکەیەتی.

لە بارەی شێوازی کارکردن و بەردەوامی پێدانی تەڵا وتی: ماوەی ٢٠ ساڵە جلوبەرگی کوردیی دەدوورم و چوار بۆ پێنج ساڵیش دەبێت دەستم کردووە بە درووستکردن و نەخشەسازیی چنینی تایبەت لەسەر جل و بەرگ و لەچک.

لەبارەی جیاوازیی کارەکانییەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان بۆ ئەوەی جیابکرێنەوە، جیا لە بەکارهێنانی موورو و زەنگیانە، بە مێخەک و شمڵی چنین دەکەن، کە بەکارهێنانی مێخەک و شمڵی کەلتوورێکی لەمێژینەی کوردە و ژنان بۆ بۆنخۆشی بەکاریان هێناوە.

وتی: کاری دەستی کار لەسەر پشتێن و کەلوپەلی ڕازاندنەوە دەکەین، دەتوانین بە مێخەک هەر نەخش و شێوەیەک کڕیارەکان خواستیان لەسەربێت بۆیان بنەخێشێنین.

تەڵا ئاماژەی بەوەشکرد، کار و نەخشەکانیان دانسقەن و تەنها یەک دانە لە هەر نەخشێک بەپێی خواستی کەسەکان درووست دەکەن.

لە کۆتاییشدا وتی: شتەکانمان خواستی لەسەرە گەیاندنمان بۆ هەموو شوێنێک و دەرەوەی ووڵاتیش هەیە.

ش. ئـ

 

ش. ئـ

Comments are closed.