“دەسەڵات لە ئاست قڕکردنی ژناندا بێباکە”

سلێمانی

قڕکردنی ژنان تا دێت زیاتر تەشەنە دەسەنێت و لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ١٥ ژن لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، چالاکوانێکیش دەڵێت: دەسەڵات لە ئاست قڕکردنی ژناندا بێباکە.

لە سێ مانگی سەرەتای ٢٠٢٤دا، لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٥ ژن کوژراون یاخود بەشێوەی گووماناویی کۆتایی بە ژیانیان هاتووە، بەشێوەیەک بەر لە ڕۆژی جیهانیی ژنان (٨ـی مارس)، لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا ژنێک بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا و کچێکی ١٤ ساڵیش بەشێوەیەکی گوماناویی کۆتایی بە ژیانی هات.

چالاکوانان لەو ڕەوشە نیگەرانن و باس لەوە دەکەن، جگە لەو کەلتوورەی زاڵە لەنێو کۆمەڵگەدا، دەسەڵاتیش لە ئاست ئەو هەموو کوشتن و خۆکوشتنەی ژناندا بێباکە و هەوڵی جدی نەداوە بۆ چارەسەر.

لەو بارەیەوە هەریەکە لە چالاکوانان فەوزیە عەبدول و زارا عەلی بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد و باسیان لە ڕەوشی ناهەمواری ژنان کرد لە ئێستای باشووری کوردستاندا.

فەوزیە عەبدول کریم
فەوزیە عەبدول کریم

سەرەتا فەوزیە عەبدول کریم هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتن و توندوتیژییەکان کرد بەرامبەر ژنان و بەستییەوە بەو ڕەوشە نەهەموارە ئابوورییەی، کە بۆ کۆمەڵگە درووستکراوە و ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژیی.

وتیشی: ژنان قوربانی یەکەمن لەو ڕەوشەدا، لە کۆمەڵگەکەماندا بەردەوام ژنان دەکوژرێن و تووندوتیژیی جەستەیی و دەروونییان بەرامبەر دەکرێت کە سەرچاوەکەی عەقڵییەتی دەسەڵاتخوازیی پیاوسالارییە، بەڵام دەسەڵاتیش لە ئاست ئەو قڕکردنەدا بیباکە.

لە کۆتایی وتەکانیدا داوای لە کۆمەڵگە کرد بە ڕێزەوە تەماشای بوونی ژن بکەن، چونکە ژن (دایکە، خوشکە، کچە، هاوژینە)، جەختی کردەوە، کە زۆر پێویستە ژنان بەرامبەر ماف و ڕۆڵی خۆیان هۆشیارییان پێبدرێت و ئاشنا بکرێن بەو یاسایانەی لەبەرژەوەندی ئەواندایە.

تووندوتیژیی و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییش بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت

زارا عەلی
زارا عەلی

دەربارەی هەمان پرس زارا عەلی باسی لەوەکرد، هۆکاری یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی حاڵەتەکانی ژن کوشتن یاخود گیانلەدەستدانی گوماناوی ژنان کرانەوەی بێبەرنامەی کۆمەڵگەیە بەڕووی تەکنەلۆژیا و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییە.

ئەوەی خستەڕوو، کە کەلتوورو دابوونەریت هۆکارێکی دیکەیە بۆ تیرۆرکردنی ژنان، پیاوسالارییش لەسەرووی هەموو هۆکارەکانە، کە بەردەوام مافەکانی ژنان زەوت دەکات و توندوتیژیی و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییش بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت.

ڕەخنەی توندی لە نەبوونی سەروەریی یاسا و شکاندنەوەی یاساکانی کرد بەلای پیاواندا و وتی: لێرە یاسا سەروەر نییە، ئەگەر یاسا هەبێت ئەو هەموو ژنە ناکوژرێن.

ش. ئـ

Comments are closed.