لە گوندێکى سەیدسادق لەگەڵ شیرینى جەژن گوڵ و نەمام دەدرێتە هاوڵاتییان

سەیدسادق

بە ئامانجی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە سنوورەکەیان دانیشتووانی گوندى گامێش تەپە لە سنوورى شارۆچکەى سەیدسادق لەگەڵ شیرینی جەژن، گوڵ و نەمام دەدرێت بە دانیشتووان و میوانانی ناو گوندەكەیان، ئەوەش لەپێناو خزمەتكردن بە ژینگە.

گوندی گامێش تەپە سەر بە شارۆچكەی سەیدسادقە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ١٨٦ ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانی گوندەكەش ٧٨٦ كەسە، کە زۆرینەیان بە كاری كشتوكاڵكردنەوە سەرقاڵن.

نزار ئەسعەد
نزار ئەسعەد

ئەمساڵ لە جەژنى ڕەمەزندا دانیشتووانى گوندەکە لەگەڵ دابەشکردنى شیرنى جەژن گوڵ و نەمامیان دابەش کرد و لەوبارەوە بەشێک لە هاوڵاتییان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

نزار ئەسعەد ئەنجوومەنی گوندی گامێش تەپە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمساڵ بۆ ڕێزگرتن لە مانگی ڕەمەزان و جەژنی ڕەمەزان هەستاین بە دابینكردنی ٣٠٠ نەمام و گوڵەباخ، بۆ ئەوەی وەك جەژنانە لەگەڵ چكلێت و شیرینی بیدەینە هاوڵاتییانی گوندەكەمان ئەو میوانانەشی سەردانی گوندەكەمان دەكەن.

وتیشى، ئامانجمان لەم كارە زیاد كردنی ڕێژەی سەوزایی گوندەكەمان و كوردستانە و هەوڵدەدەین بەردەوام ڕێژەی سەوزایی گوندەكەمان لەڕێگەی ئەمجۆرە چالاکیانەوە زیاد بكەین.

حارس عەبدولقادر
حارس عەبدولقادر

هەروەها، حارس عەبدولقادر میوانێكى گوندەکەیە و بۆ ڕۆژنیوز وتی، ئێمە هەرچەند خزمەت بكەین بە ژینگە هێشتا هەر كەمە و پێیوستە گرنگیدان بە ژینگە بكەین بە كەلتور و لەناو كوردستان بڵاوى بکەینەوە.

وتیشى، ئومێدەوارم ئەم کارەى، کە لە گوندی گامێش تەپە دەستی پێكردووە، تەواوی گوندەكانی سنوورەكە چاوی لێبكەن بۆ ئەوەی ببێتە كەلتور تا لەڕێگەیەوە خزمەتی ژینگەی كوردستان بکەین.

ئ.م

Comments are closed.