“ماندێلا و ئۆجالان.. شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی ئازادیی”

محەمەد ڕەفعەت ئیمام

بێگومان لەمرۆدا دوو تایبەتمەندی لە کەسایەتی دوو قارەماندا بەرجەستەبوونەوە، یەکیان بۆ ئازادیی گەلەکەی لە ژێردەستی ستەمکاران و ئەوەی دیکەشیان بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد تێکۆشا، ئەمانیش هەردوو شەڕڤانی ئازادیی ئەفریقای باشوور نێلسۆن ماندێلا و ڕێبەری بیرمەند عەبدوڵا ئۆجالانن.

سەرباری ئەوە لە کات و شوێنی جیاواز و دوور لە یەکدا ژیاون، بەڵام لێکچوونیان زۆرە، لە ڕووی ژیان و قۆناغەکانی تێکۆشانیانەوە و ئەوەی ئەندێشەکانیان بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە

ڕیشەی هەردوو سەرکردەکە واتە نێلسۆن ماندێلا و ڕێبەری بیرمەند عەبدوڵا ئۆجالان دەگەڕێتەوە بۆ گوند، ماندێلا لە گوندی مڤێزی ترانسکەی لەدایکبووە و لەوێوە دەستی بە چالاکیەکانی کردووە و ئۆجالانیش لە گوندی ئامارای ناوچەی خەلفەتی ڕحا لەدایکبووە.

ئەو شوینەی ماندێلا تیایدا دەژیا زۆرینەیەکی ڕەش پێستی ئاوارەی چەوساوە بوون، کە تیایدا کەمینەیەکی سپی پێستی دەسەڵاتدار ستەمیان دەکرد و هیچ مافێکیان بە زۆرینەی ڕەش پێست ڕەوا نەدەبینی،  ژینگەی مرۆیی ئۆجالان (ئاپۆ) زۆرینەی لە کوردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا پێکدەهات، هەروەها پێکهاتەکانی وەک تورکمان، تورکی موسڵمان، ئاشووریی، سوریان و ئەرمەنیش لەو ناوچەیە دەژیان.

ئەو دوو ڕێبەرە نەوەیەک یان دوو نەوە جیاوازیان هەبوو، بە چوار ساڵ دوای شەڕی جیهانی دووەم لە ٤ـی نیسانی ١٩٤٩دا ئۆجالان لەدایکبوو.

ماندێلا و ئۆجالان پەروەردەی سەرەتاییان لە گوند بینی، دواتریش بۆ ئامادەیی چوونە نزیکترین شاری ناوچەکەیان، ماندێلا لە هیلینتاب خوێندی و ڕێبەر ئۆجالانیش لە نزیبی دیلۆک درێژەی بە خوێندندا.

هەردوو سەرکردەکە لە تافی لاوێتی و سەرەتای گەنجیاندا شارە بچوکەکانیان جێهێشت، کە ئاسۆیەکی سنوورداریان هەبوو، بەرەو شارە گەورەکان چوون، کە جوڵەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان تێدابوو، ماندێلا ڕوویکردە جوهانسبرگ و ئۆجالانیش بۆ خوێندن ڕووی کردە ئەنقەرە.

هەردووکیان بە ڕۆحێکی گەورەوە لەپێناو ناسمانەی گەلانی ژێردەستە و چەوساوە خۆڕاگریان کرد و تێکۆشانێکی بێ وچانیان بەڕێوەبرد.

بناغەی کەسایەتی ماندێلا-ئۆجالان تا سەرەتای گەنجی و تا ئەو کاتەی لە خوێندنگەی ئامادەیی بوو کەسایەتییەکی ئاینی بوو، بەڵام دواتر مەیلیان بەرەو مارکسیزمەوە چوو، کاتێک ماندێلا خۆشەویستی بەرەو تاقیکردنەوە و پیادەکردنی مارکسیزم لە ئەمریکای لاتین لەلای دروست بوو، ئاپۆ لە ڕێگەی فەیلەسوف لیۆ هوبێرمانەوە سەرنجی بەلای وێژەی مارکسیزم، بەتایبەتی ئەلفوبێی سۆسیالیزم ڕادەکێشرێت.

ئەو دوو گەنجە بە ناوی ماندێلا و ئۆجالان لە قۆناغی زانکۆدا بەشی خوێندنی یاسایان هەڵبژارد، بەڵام ماندێلا دوای تەواوکردنی خوێندن لە شاری پڕئاڵۆزیی جوهانسبرگ وەک پارێزەر دەستبەکاربوو، ئۆجالانیش لە زانکۆی ئەستەنبوڵەوە چووە زانکۆی ئەنقەرە و لە بەشی زانستە سیاسیەکان درێژەی بە خوێنددا (پایزی ١٩٧١).

پێشەنگایەتیان بۆ خۆپیشاندانی خوێندکاران کرد

لە قۆناغی زانکۆدا بەردی بناغەی لایەنی تێکۆشانی دەرونی ماندێلا و ئۆجالان داندرا، لە شاری جوهانسبرگ شۆڕشگێڕێکی ڕەش پێست لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نایاسایی سەندیکاکانی خوێندکاران ناڕەزایەتی دەربڕی، لە چەقی قڕکردنی کولتووری لە دژی کوردان بە تایبەتی لە زانکۆی ئەنقەرە، گەنجێکی گەنم ڕەنگ لە دژی کوشتنی تێکۆشەری ئازادیی ماهیر چایان و هەڤاڵانی لە ئاداری ١٩٧٢ پێشەنگایەتی خۆپیشاندانی خوێندکارانی کرد.

یەکەم پێکدادان بەرامبەر بە دەسەڵاتداریی

لە سەرەتای منداڵییانەوە هەردوو گەنجە شۆڕشگێڕەکە لەبەرامبەر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیست تێکۆشانی بێهاوتایان دەستپێکرد، لە جوهانسبرگ ماندێلا بۆ ماوەی پێنج ساڵ قاچاخ بوو، لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستی سپیەکانەوە داواکرابوو.

لە ئەنقەرە کاربەدەستانی تورک لە نیسانی ١٩٧٢دا خوێندکارێکی زانکۆی تەمەن ٢٣ ساڵیان گرت و حەوت مانگ خستیانە زیندانەوە، بابەتێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە ئەگەر نیسانی ١٩٤٩ مانگی لەدایکبوونی ئۆجالانبوو، نیسانی ١٩٧٢ مانگی لەدایکبوونی شۆڕشگێریی ئاپۆیە.

ئەو مرۆڤانەی دڵیان بۆ ئازادیی لێدەدات

گوشارەکانی جوهانسبرگ و زیندانکردن لە ئەنقەرە بوونە مایەی بەرزبوونەوەی جوڵەی تێکۆشانی ماندێلا و ئۆجالان.

لە ئەفریقای باشوور ماندێلا پێشەنگایەتی گەنجانی کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقای کرد، کە لە بەرامبەر ستراتیژییەکانی حکومەتی کەمینەی سپی پێستی فاشیست وەستابوونەوە.

لە هەمان کات دەبێت بوترێت ڕێبەر ئۆجالان بۆ ناساندنی ناسنامەی گەلی کورد ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە ئەستۆ گرت و دەستی بە تێکۆشان کرد، جارێکی دیکە بڕوایان بەو مرۆڤانە بەخشییەوە کە دڵیان بۆ ئازادیی لێدەدات.

ڕێبەری ئەفریقای باشوور و ڕێبەری بیرمەندی کورد، ستراتیژی تێکۆشانی ئاشتییانەیان وەک گرووپێکی ئایدۆلۆژیی-سیاسیی لە دژی دوژمنە فاشیستەکەیان گرتەبەر، لە باشووری کیشوەری ئەفریقا ماندێلا میکانیزمێکی کۆنکرێتی پەسەند کرد کە سوودی لە ئەزمونی گاندی لە هیندستان وەرگرتبوو، بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی هەموو لایەنەکانی دەرەوە بۆ سەر مەترسی و کارەساتی سیاسەتی ئاپارتاید، ماندێلا لەناو کۆمەڵانی کرێکاران پرۆپاگەندەی کرد و لەبارەی چۆنێتی و ڕاستی حکومەتەوە وانەی گرنگی پێدان، لە پایتەختی تورکیاش ئۆجالان لەگەڵ حەقی قەرار، کەمال پیر و کەسانی دیکە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە مانیفیستۆیان نووسی، واتە ڕێگەی شۆڕشی کوردستانیان کردەوە.

مزگێنی شۆڕش

لەهەمان کاتدا ماندێلا لەپێناو شۆڕشدا چەندین هەنگاوی گرنگی نا و بووە نمونەیەکی زیندوو بۆ گەلی ئەفریقای باشوور، هەروەها تێکۆشانی ئاپۆیی گەیشتە قۆناغێکی بەهێز و لەماوەیەکی کەمدا مزگێنی بڵاوکردنەوەی شۆڕشیدا، کە بزووتنەوەکە بزووتنەوەیەکی گەلە، بە تایبەتی لە چەند ناوچەیەک بەم جۆرە شۆڕشیان دەستپێکرد؛ ئامەد، ئاگری، دێرسیم، خارپێت، دیلۆک و ڕحا.

تێکۆشانی چەکداریی

لەپای نەبوونی ئەنجامی ئەرێنی بەرچاو لە گۆڕەپانی تێکۆشانی ئاشتییانە، هەردووکیان سوود و ئیلهامیان لە ئەزموونی تێکۆشانی چەکداریی وەرگرت و ڕێکخراوی شۆڕشگێریی چەکدارییان دامەزراند.

ماندێلا لە باشووری کیشوەری ئەفریقا باسکی چەکداریی کۆنگرەی نیشتیمانی دامەزراند، بە دروشمی بەهێزی تینگا تێکۆشان لە دژی ئاپارتایدی بەرزکردەوە و لە جەزائیر کە وڵاتی یەک ملیۆن شەهیدە پەروەردەی سەربازیی بینی.

ئاپۆ لە ئامەدی سەرچاوەی ژیانی کوردستان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی دامەزراند و ناوەندی سەرەکی تێکۆشانەکەی گواستەوە بۆ بەیروت و لەگەڵ گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان پەروەردەی بینی، لە ناوەڕاستی ئابی ١٩٨٤دا پەکەکە لە بەرامبەر ئەنقەرە کە لە مەڕەش، مەلەتی، سەمسور و خارپێت کۆمەڵکوژیی ئەنجامدابوو و کاربەدەستانی تورک لە زیندانی ئامەد بە شێوەیەکی ڕوون ڕووخساری دڕندەی خۆیان نیشاندابوو، دەستی بە تێکۆشانی چەکداری کرد.

هەردوو ڕێبەرەکە ڕێگەی ئازادییان نیشاندا

هەردوو ڕێبەر ماندێلا و ئۆجالان تووشی زیندابوون، یەکەمیان نزیکەی ٣٠ ساڵ و دووەمیشیان نزیکەی چارەکە سەدەیەکە، دوای ئەوەی ماندێلا ئازاد کرا، ئەفریقای باشووری بەرەو وەرچەرخانی دیموکراتیی برد، کوولتوری لێبوردەیی بەرامبەر بە کەمینەی سپی پێست گرتەبەر، تۆڵەسەندنەوەی ڕەتکردەوە و بەم جۆرە ئاشتیی و ئارامیی چەسپاند.

ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالییدا لەپێناو گەلی کورد نەخشە ڕێگەی ئازادیی سازکرد و ڕێگەی گەلانی ڕووناک کردەوە.

من داوا لە شارەزایانی مافەکانی گەلانی ئازاد دەکەم، کە وەک ڕۆژی ماندێلا واتە ١٨ـی تەمووز، هەموو ساڵێک ٤ـی نیسان وەک ڕۆژی ئاشتیی ئۆجالان بناسێنن.

هەروەها، یەکجار پێویستان ئێمە لەو کەمپین و هەڵمەتەی کە لە ئەفریقای باشوور بۆ ئازادیی ماندێلا دەستیپێکرابوو وانە فێربین، بۆیەش پێویستە کە ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکەین، بۆ ئەوەش پێویستە لە هەموو شوێنێک تێکۆشان بکرێت.

Comments are closed.