کەسوکاری ئەنفالکراوان: حکومەتى هەرێم کەمتەرخەمە لە هێنانەوەى ڕووفاتى ئازیزانمان

چەمچەماڵ

کەسوکاری ئەنفالکراوان داوا لەهەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم دەکەن ڕووفاتی ئازیزانیان بگەڕێندرێتەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڵێن: بە هێنانەوەیان ئەنفالکراوان ئارامییەک بۆ دڵمان دێت، دەشڵێن، حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێم کەمتەرخەمە لە هێنانەوى ڕووفاتى ئازیزانمان .

٣٦ساڵ تێپەڕی بەسەر کارەساتی ئەنفالدا، کە ١٨٢ هەزار کوردی بێتاوان بە زیندووی خرانەژێر خاک، دوای ڕووخانی ڕژێم و دۆزینەوەی بەشێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان تا ئێستا نەتوانراوە ڕێژەیەکی بەرچاو لەو ڕووفاتانە بهێندرێتەوە بۆ زێدی خۆیان، کەسوکاری ئەنفالکراوانیش هەمیشە چاویان لە ڕێگایە بۆ هێنانەوەی تەرمى ئازیزانیان.

کەسوکاری ئەنفالکراوان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە داوا دەکەن ڕووفاتی ئەنفالکراوان بگەڕێندرێتەوە بۆ زێدی خۆیان.

ژیان حسێن
ژیان حسێن

ژیان حسێن، یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وتی: چی بۆ کەسوکاری ئەنفال کراوە با من بۆیان ببەمەوە، تەنها پارچە زەوییەکمان پێ دراوە، جیا لەوە مووچەی هاوسەری جاش و موستەشارەکان دوو هێندەی مووچەی کەسوکاری ئەنفالکراوانە.

هەروەها داواشیکرد، ڕووفاتی سەرجەم ئەنفالکراوان بگەڕێنرێتەوە بۆ زێدی خۆیان، من ئازیزترین کەسەکانم لە کارەساتی ئەنفال لەدەستداوە و وتیشی: لەبری ئەوەی جاش و موستەشارەکان دادگایی بکرێن بە مووچەی زەبەلاح خانەنشین کراون.

باوکم و سێ خوشکم ئەنفالە، تەنها تەنها داواکاریم ئەوەیە ڕووفاتەکانیانمان بۆ بگەڕێننەوە.

هەرمێ عەلی
هەرمێ عەلی

هاوکات هەرمێ عەلی، تاقانەیەکی ئەنفالە و وتی: داواکارین ڕووفاتی ئازیزانمان بۆ بگەڕێننەوە، من باوکم و سێ خوشکم ئەنفالە، تەنها داواکاریم ئەوەیە ڕووفاتەکانیانمان بۆ بگەڕێننەوە.

لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان ئەو تاقانەیەی ئەنفال ئەوەی خستەڕوو، تا ئێستا حکومەت هیچ هاوکارمان نەبووە، ڕووفاتی هیچ ئازیزێکی بۆ نەگەڕاندووینەتەوە.

وتیشی: بەهێنانەوەی ڕووفاتی ئازیزەکانمان دڵخۆش دەبین و ئارامی بۆ دڵمان دێت، کاتێ دەچینە سەر گۆڕەکانیان دادەنیشین، بەڵام هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم کەمتەرخەمن لە گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئازیزانمان.

خاوەر قادر
خاوەر قادر

هاوکات، خاوەر قادر یەکێکی دیکەیە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و وتی: لە گوندی قەشقەی سەر بە شاردەدێی قادرکەرەم ١٠٨ کەس لە گوندەکەی ئێمە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون و تەواوی خانوەکانی لادێکەمان ڕووخێندران.

ب. جـ

Comments are closed.