“چوارشەممە سورە”

خاید شەریف

چەپەکان کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشییان رەچاو کردووە بۆ ئەوەی لەسەر چ بنەمایەک کۆمەڵە خەڵکێک دەتوان بە خۆیان بڵێن، نەتەوە. لەوانە زمانی هاوبەش و خاکی هاوبەش.

ئەوەی لای من گرنگە تێڕوانینی ئەو گرووپە خەڵکەیە، کە خەیاڵدانێکی هاوبەشییان هەبێ و تێیدا توانیبێتیان ( ئەفسانەیەک ) بە واتای ئەمرۆ تێروانینێک درووست بکەن سەبارەت بە چۆنیەتی خولقاندنی جیهان. ئەوەی پێی دەوترێت ئەفسانەی خولقاندن یان _ The myth of creation _

کە تێیدا ئەو گرووپە لە خەڵک بۆچونی خۆیانیان سەبارەت بە هاتنە کایەوەی دنیا و سەرەتای کارەکانی خوا و سروشت نەخشاندووە.

هێندەی من بزانم : ئەم تێروانینە لای ئێزدییەکان و کاکەییەکان هەیە.

لای ئێزدییەکان( خودا) رۆژی هەینی دەستی کردووە بە کار، رۆژی شەممە وردەکاریەکەی داڕشتووە و رۆژی چوارشەمە لە کارەکەی بووەتەوە.

ئەو چوارشەممەی یەکەمە رێکەوتی یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانە، بێگومان بە بەرواری رۆژهەڵاتی، کە ١٣ رۆژ لەدوای ئەو بەروارە خۆرئاواییەوەیە، کە ئێمە بەکاری دەهێنین. واتە چوارشەممە سور، هەر ساڵێک یەکەم چوارشەممەی دوای ١٣ـی مانگی نیسان دەبێت بەو بەروارەی ئێمە ئەمرۆ بەکاری دەهێنین.

سەرەتا ( دنیا ) تاریکی و تەمومژ بووە، و توێکڵێکی ئەستوریش لە بەفر سەرزەوی داپۆشی بوو. خوداوەند( فریشتە تاوس )ـی لە رۆژی چوارشەممەدا ناردە سەر زەوی تا بە فەرمانی خۆی ژیانی تێدا برەخسێنێت. ئەویش لە (لالش ) نیشتەوە و بە قودرەتی خودا بەفر توایەوە و دارو درەخت بوژایەوە و دنیا بووە گوڵ و گوڵزار. بۆیە ئەم رۆژە سەرەتای بەهار و سەری ساڵە. مێژونووسان دەڵێن، دانیشتووانی ئەم ناوچەیە و لەنێویشیدا کوردەکان هەتا ساڵی ٦١٢ـی پێش زاین، ئەم رۆژەیان بە سەری ساڵ زانیووە.

هەرچی سوریی  ( چوارشەممەیە ) ئەوە زورترین باوەڕ ئەوەیە لە گوڵاڵە سورەوە هاتووە، کە ئێزدییەکان دەرگای ماڵەکانیانیان پێ دەرازێننەوە.

دوای ئەوە رەنگ کردنی ( ١٢ ) هێلکە: هەر سێ هێلکە هێمایە بۆ وەرزێکی ساڵ. هێلکەکان دەکوڵێنرێن و ئاماژەیە بۆ گۆرانکاری لە دۆخی شلییەوە بۆ دۆخی ڕەق. گۆی زەوی و توێکڵەکەی ئەو توێژە بەفرەیە مەلیک تاوس تواندیەوە .لە کۆتاییدا ئەو نەخش و نیگارەی لەسەری دەکێشرێت، وێنەگرتنی رازاوەیی بەهارە.

ئێزدیەکان لەم مانگەدا زەوی ناکێڵن و دار نابڕن، ئاخر نابێت جوانی سروشت بشێوێنرێت. ژن و ژنخوازی ناکرێت و بوکی تیا ناگوازرێتەوە، ئاخر مانگی نیسان خۆی بوکە.

لە سروودی ئافرینی دنیایەدا هاتوە:

چوارشەممە سەری نیسانە

شێخ ئادی شێخ شەمسی بانگ کردە دیوان

خودا بەچاوی رەحمەت دەروانێتە ئێزدخان

ئەوە جەژنی کوردستانە .

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.