لە گەرمیان مەڕاسیمی گەریلای شەهید بینەر فایەق بەڕێوەچوو

گەرمیان

لە ناوچەی ڕزگاریی گەرمیان، مەڕاسیمی گەریلای شەهید بینەر فایەق ناسراو بە (دڵخواز گەرمیانی) بەڕێوەچوو، تێیدا خانەوادەکەی و ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی، بەڵێنی درێژەدانیان بە ڕێبازەکەی دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ، هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە، ناسنامەی دوو گەریلای شەهیدیان ڕاگەیاند، یەکیان شەهید بینەر فایەق ناسراو بە دڵخواز گەرمیانی بوو، کە لە ٣١ـی ئادار لە بەرخۆدانیی بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچەی زاپ شەهید بووە.

ئەمڕۆش لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن خانەوادەکەیەوە چادری سەرەخۆشی بۆ شەهید دڵخواز گەرمیانی دانرا و لەلایەن تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمیتەی شەهیدانی باشووری کوردستانەوە، بە مەڕاسیمێکی شکۆدار بەبیرهێنرایەوە.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا هەرێم مەحموود، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی وتی: شەهید بینەر لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی ئەم ڕێبازەی هەڵبژاردووە، شەهید بینەر و هەڤاڵەکانی لە شەڕی داعش هاتن و بەرگرییان لە خاک و نیشتیمان کرد، شەهید بینەر شەهیدێکی باڵایە و گەشتە پلەی شەهادەت و ئەوەش ڕێبازی هەموومانە، بەڵێنیش بە خانەوادەی شەهید دەدەین ئەو ڕێبازە ون ناکەین.

وتیشی: شەهید بینەر خەڵکی ڕزگارییە و بەشێک لە کەسوکارەکەی ئەنفال کراوە، بۆیە دەبێت ئەوە بزانین دووژمن جیاوازی ناکات لە نێوان ئێمەدا، کورد بوونی ئێمە بەس بووە بۆ ئەوەی ئەوان بە شێوازی جیا ئێمە قڕ بکەن، ئێمەش لەو پێناوەدا خاوەنی دەیان شەهیدین کە بەرگرییان لەم خاکە کردووە، ئێمە بەڵێن دەدەین، ڕێبازی شەهید بینەر بەرنادەین تا سەرکەوتن.

پاشان جومعە کەریم، وتاری ماڵباتی شەهیدانی خوێندەوە و وێڕای دووپاتکردنەوەی بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازی شەهید وتی: شەهید بینەر تا دوێنی کوڕی گەرمیان بوو، ئەمڕۆ ڕۆڵەی هەر چوار پارچەی کوردستانە و ڕۆڵەی گەلە.

دواتر بە ڕێپێوانێکی جەماوەریی و بە وتنەوەی درووشمی “شەهید نامرێ” و “بینەر نامرێ” و “ئەی شەهید ڕێگای تۆ ڕێگای ئێمەیە” بەرەو چادری سەرەخۆشی بەڕێکەوتن و کۆتاییان بە مەڕاسیمەکەهێنا.

ئەمڕۆ ڕۆژی یەکەمی پرسەی گەریلای شەهید بینەر فایەق ناسراو بە (دڵخواز گەرمیانی)ـییە لەبەردەم ماڵی شەهیددا و سبەینێش لە دووەم ڕۆژیدا مەڕاسیمی پرسەکەی بەردەوام دەبێت.

ب.گ

Comments are closed.