ئەمریكا یەك ملیار دۆلاری بۆ ڕێگرییكردن لە هێرشەكانی حووسییەكان خەرجكردووە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەریایی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەمریكا یەك ملیار دۆلاری بۆ پووچەڵكردنەوەی هێرشەكانی حووسییەكان لە دەریای سوور خەرج دەكردووە، زیاتر لە ١٣٠ هێرشی حووسییەكان  پووچەڵكراوەتەوە.

كارلۆس دێل تۆرۆ، وەزیری دەریایی ئەمریكا، لە بارەی تێچوونی ئۆپەراسیۆنەكانیان دژی حووسییەكان و ژمارەی ئەو هێرشانەی پۆچەڵیان كردووەتەوە لە دەریای سوور بۆ میدیا جیهانییەكان دەدوێت.

كارلۆس دێل تۆرۆ ڕایگەیاند، لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پیران لیژنەی تەرخانكردنی پارە، ئەمریكا بڕی یەك ملیار دۆلاری بۆ ڕێگرییكردن لە هێرشەكانی حووسییەكان خەرجكردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی كەناڵی سی ئێن ئێن، ئەمریكا سەركەوتوو بووە لە پووچەڵكردنەوەی زیاتر لە ١٣٠ هێرش، كە لەلایەن گرووپی حووسییەكانەوە بۆ سەر كەشتییە سەربازیی و بازرگانییەكان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراون.

كارلۆس دێل تۆرۆ داوای لە نوێنەرانی ئەمریكا كرد، پاكێجێكی دارایی پەسەند بكەن بۆ پڕكردنەوەی ئەو پێداویستییانەی، كە پێویستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشانە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریایی سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج.

هـ ئ

Comments are closed.