ماوەى دوو رۆژە جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەولێر و سلێمانی ڕاگیراوە

کۆیە

بەهۆی ئەوەی دوێنێ، بەشێک لە هاوڵاتییانی سنووری کۆیە، ڕێگەی نێوان کۆیە بۆ هەولێریان بە ڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکاندا داخست، لە ئێستادا بە تەواوی جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر ڕاگیراوە و بەهۆی ئەوەشەوە هەزاران ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر لەو ڕێگەیە گیریان خواردووە.

دوێنێ، بەشێک لە هاوڵاتییانی سنووری کۆیە، بەهۆی نۆژەن نەکردنەوە و نەکردنی بە دووسایدی ڕێگەی کۆیە بۆ هەولێر بەربەستی خۆڵیان لەسەر شەقامەکە دانا، بەهۆی ئەوەشەوە جوڵەی بازرگانی پەکی کەوتووە.

لە دوێنێوە لە ڕێگای نێوان كۆیە و هەولێر گیرم خواردووە

هۆشیار ئەبوبەكر
هۆشیار ئەبوبەكر

ئەم رێگریی كردنە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی نیگەران كردووە، لەمبارەیەوە هۆشیار ئەبوبەكر، کە یەكێكە لە شۆفێرانی بارهەڵگر بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمەی شۆفێران تاوانمان چییە هەر ڕۆژەو لە شوێنێك ڕێگامان لێدەگرن، دەمانەوێت ڕێگایەكی باش هەبێت ئێمەش هاتوچۆی پێدا بكەین، بەڵام حكومەت نەیتوانیوە ڕێگای باش درووست بكات.

دەشڵێت: لە دوێنێوە لە ڕێگای نێوان كۆیە و هەولێر گیرم خواردووە، شۆفێری ترمان هەیە سێ ڕۆژە لێرە ماوەتەوە، ئەمەش هەموو جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەولێر و سلێمانی پەکخستووە.

ئەیاد شێرۆ
ئەیاد شێرۆ

ئەیاد شێرۆ، شۆفێرێكی دیکەیە و دەڵێت؛ چوینەتە لای قائیمقامی كۆیە تا كێشەی هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێلە بارهەڵگرەكان چارەسەر بكات، بەڵام هیچ وەڵامێكی نەداوینەتەوە، كەس نییە چارەسەری ئەم کێشەیە بكات، لە كاتێكدا ئێمەش مافی خۆمانە هاتوچۆ بە ڕێگاكاندا بكەین.

محەمەد جەبار، شۆفێرێکی دیکەیە، کە ماوەی دوو ڕۆژە لە ڕێگای كۆیە ئۆتۆمبێلەکەی بە بارەوە ماوەتەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی:

ئێمە بار باردەكەین لە كاتژمێر سفر ڕێگامان لێدەگرن، كە ئەمە چارەسەری كێشەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان نییە پێویستە ڕێگایەك هەبێت ئێمەش هاتوچۆی پێدا بكەین، چونكە لە ئێستادا جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەولێر و سلێمانی وەستاوە.

لە ئێستادا هیچ رێگایەكی هاتوچۆكردن بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە نێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانی دا نییە.

محەمەد جەبار
محەمەد جەبار

چونكە تەنها ڕێگای كۆیە و هەولێر هەبوو بۆ هاتوچۆ، ماوەی دوو ڕۆژە هاوڵاتییانی كۆیە بەربەستیان لەسەر ڕێگای نێوان كۆیە و هەولێر درووست كردووە و ڕێگا نادەن هیچ ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بە سنووری كۆیەدا هاتوچۆ بكات، وەک هاوڵاتییانیش دەڵێن: دەبێت حکومەت ڕێگاکە بکات بە جووتساید و نۆژەنی بکاتەوە.

ڕۆژانە لەم ڕێگایە نزیکەی هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر تێدەپەڕن و کەرەستە و پێداویستیی هاوڵاتییان و نەوت دەگوازنەوە لە نێوان پارێزگا هەولێر و سلێمانی.

ب. جـ

Comments are closed.