ژنە دەرهێنەرێک بە شێوەیەکی گوماناویی لە زیندانێکی ئێراندا گیانی لەدەستدا

ناوەندی هەواڵەکان

دەرهێنەر بەهارە لالەیی، کە لە سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی”دا دەستگیر کرابوو، لە زینداندا لە ئێران بەشێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستدا و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی بەخاک سپێردرا.

بەهارە لەلایی، دەرهێنەری سینەمایی، پاش شەهید بوونی ژینا ئەمینی و لە کاتی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ئێران دەستبەسەر کرابوو، لە زیندان بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشت ساکینە لە شاری کەرەج بە خاک سپێردرا.

بەهارە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سەروەختی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرا، لە ساڵی ٢٠٢٣ دیسانەوە دەستبەسەرکرا و خرایە زیندان. پاش چەند مانگ لە دەستبەسەکردنی هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە نەبوو.

هەموو هەوڵ و سەردانەکانی خێزانەکەی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ سۆراخکردنی ڕەوشی کچەکەیان، بێ ئەنجام بوو.

دەربارەی گیانلەدەستدانە گوماناوییەکەی بەهارە لالەیی، پەیمانگای کورتە فیلمی خانەی سینەمای ئێران داوای لە حکومەت کرد دەستبەجێ ڕوونکردنەوە بدات و بەڵگەکان ئاشکرا بکات.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی بەهارە لە زیندان، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری پەیمانگای کورتە فیلمی سەر بە خانەی سینەمای ئێران، داوای ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکەی کرد، پەیمانگاکە لە ماڵپەڕی فەرمییاندا ڕایانگەیاندووە،”سەرەخۆشی لە ئەندامانی خانەی سینەمای ئێران و کۆمەڵەی کورتە فیلمی ئێران دەکەین، داوا دەکەین لێکۆڵینەوە ئاشکرا و شەفاف لەسەر ئەم ڕووداوە بە ئازارە بکرێت”.

ش. ئـ

Comments are closed.