کۆتایی ئەم هەفتە ئێرانییەكان سەرۆكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن

ناوەندی هەواڵەكان

كۆتایی هەم هەفتەیە ئێرانییەكان بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی وڵاتەكەیان دەكەن و دەنگی خۆیان دەدەن بۆ هەڵبژاردنى جێگرەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی، كە مانگی ڕابردوو بەهۆی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرێكەوە گیانی لەدەستدا، هەروەها شەش كەسیش كاندیدن بۆ ئەو پۆستە.

میدیاکانى ئێران بڵاویان کردەوە، ئەنجومەنی پارێزەران كە دەستەیەكی پیاوانی ئایینی و یاساناسانە، لە كۆی ٨٠ كاندید شەش كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران پەسەند كرد، كاندیدەكان بریتین لە: محەمەد باغر قالیباف، ئەمیر حسێن غازیزادە هاشمی، عەلی ڕەزا زەكانی، مستەفا پور محەمەدی، سەعید جەلیلی و مەسعوود پێزشكیان.

دەشڵێن، پێویستە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بە ڕەچەڵەك ئێرانی و هاووڵاتی ئێران بێت و كەسایەتییەكی دیاری سیاسی یان ئایینی بێت، هەموو هاووڵاتییەكی ئێرانی سەروی ١٨ ساڵ مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەكاندا هەیە.

باس لەوەشکراوە، لە هەڵبژاردنی ٢٨ـی ئەم مانگەی ئێران سەرجەم دەنگەكان بە دەست ئەژمار دەكرێن، بۆیە بەلایەنی كەمەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئەنجامی كۆتایی ڕاناگەیەنرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەگەر هیچ كاندیدێك لە ٥٠٪ـی دەنگەكانى بەدەست نەهێنا، ئەوا خولی دووەمى هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو كاندیدەدا دەكرێت كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە ١٩ـی ئایاری هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری ئێران و شاندی یاوەری لەكاتی گەڕانەوەیان لە ئازەربایجان كەوتەخوارەوە دوای زیاتر لە ١٠ كاتژمێر گەڕان توانرا تەرمی سەرۆك كۆماری ئێران و شاندی یاوەری بدۆزرێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.