یەكشەممە, 23 يول 2017 – 20:07
ڕۆژنیوز ـ عه‌لی قادر
کۆمیته‌ی بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدانی ڕۆژهه‌ڵات به مه‌راسیمێک یادی چوار شه‌هیدی ڕۆژهه‌ڵاتى کرده‌وه، که له ناوچه‌ى زمزیران له‌سه‌ر سنورى ڕۆژهه‌ڵات و باشورى کوردستان شه‌هیدبوون.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به مه‌راسیمێک له گۆڕستانی شه‌هیدان له بناری قه‌ندیل یادی چوار شه‌هیدی پارتى ژیانى ئازادى کوردستان – پژاک کرایه‌وه که له ناوچه‌ى زمزیران شه‌هید بوون.
سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌که به چه‌ند ساتێک وه‌ستان بۆ گیانی پاکى شه‌هیدان ده‌ستی پێ‌کرد و دواتر وتاری کۆمیته‌ی بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدانی ڕۆژهه‌ڵات له لایه‌ن زاگرۆس سنه پێشکه‌ش کرا.
زاگرۆس سنه وتی: “ده‌وڵه‌تی فاشیتی ئێران ویستی له ڕێگای هێرشکردنه سه‌ر هه‌رێمه‌کانی پارستنی میدیا ئیراده‌ی گه‌لی کورد بشکێنێت، به‌ڵام له لایه‌ن گه‌لی کورد وه‌ڵامی توندی درایه‌وه و شکست به پیلانه‌کانی هه‌وڵی داگیرکاری ئێران هێنرا”.
هه‌روه‌ها وتیشی: “هه‌ڤاڵ عه‌گید و سێ هه‌ڤاڵه‌که‌ی به چالاکی گیانفیداییان شکستیان به سه‌رجه‌م مه‌رامه گڵاوه‌کانی فاشیستی ئێران هێنا و ڕووبه‌ڕووی وه‌ڵامی توندی گه‌ریلاکان هاتن و هه‌موو شوێنه‌کانیان بۆ دوژمنان کرده گۆڕستان”.
ئه‌وه‌شى وت: “ئێمه شه‌هیدانمان له‌بیر ناکه‌ین و له که‌سایه‌تی ئه‌و چوار شه‌هیده‌دا سه‌رجه‌م شه‌هیدانی گه‌لی کورد به‌بیر ده‌هێنینه‌وه و درێژه‌پێده‌ری ڕێبازی شه‌هیدان ده‌بین”.
هه‌ر له مه‌راسیمه‌که‌دا ئازیتا سنه خوشکی شه‌هید عه‌گید، قسه‌ی کرد و وتی: “ئه‌مڕۆ شه‌شه‌مین ساڵیادی شه‌هاده‌تی هه‌ر چوار شه‌هیدی قاره‌مان ده‌که‌ینه‌وه، که له چالاکیه‌کی گیانفیدایی له زمزیران دژی سوپای ئێران ئه‌نجامیاندا”.
ئازیتا باسی له که‌سایه‌تی شه‌هید عه‌گید کرد و وتی: “شه‌هید عه‌گید کوڕی بچوکی خێزانه‌که‌مان بوو، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و ته‌مه‌نه بچوکه‌یه‌وه منداڵێکی ئاقڵ و ژیر و له‌به‌ر دڵان بوو”.
وتیشى: “کاتێک که له پۆلی پێنجه‌م له‌لایه‌ن مامۆستاکانیه‌وه داواکرابو که هه‌ر خوێندکارێک له‌سه‌ر بابه‌تێک که خۆی حه‌ز ده‌کات بنوسێت، شه‌هید عه‌گید له‌سه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ی که زوڵمیان به‌رامبه‌ر کراوه نووسی و نوسینه‌که‌ی ئه‌و له‌سه‌ر ئاستی ئێران یه‌که‌می به‌ده‌ستهێنا، بڕیاردرا بوو که بنێردرێته ئه‌وروپا، به‌ڵام له جیاتى ئه‌و کوڕێکی فارس-یان نارد”.
دواتر مۆم له‌سه‌ر گڵکۆی هه‌ر چوار شه‌هید هه‌ڵکرا و به دروشمی “شه‌هید نامرێ” کۆتایی به مه‌راسیمه‌که هێنرا.
له ساڵی ٢٠١١ له دژی سوپای هێرشه‌کانى ئێران له ناوچه‌ى زمزیران له‌سه‌ر سنورى نێوان باشور و ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان، ئه‌و چوار گه‌ریلایه‌ى پژاک چالاکیه‌کی گیانفیداییان ئه‌نجامدا و شه‌هید بوون، له‌و کاته‌دا سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی فراوانیان کرده سه‌ر هه‌رێمه‌کانی پاراستنی مه‌دیا.
ک.ک