خۆپیشاندەرانی سلێمانی چوونە سەر نووسینگەی پەرلەمان

سلێمانی

خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی چوونە سەر بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دروشمی “ئەندازیاری تاڵانی بارزانی و تاڵەبانی”یان بەرزکردەوە.

خۆپیشاندەرانی سلێمانی کە پێکهاتبوون لە مووچەخۆران و کارمەندانی هاتووچۆ و بەشێک لەتوێژە جیاجیاکان، بە ڕێپێوان لە بەردەم باخی گشتیی سلێمانییەوە چوونە بەردەم نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

دەرگای نووسینگەی پەرلەمان بەڕووی خۆپیشاندەراندا داخرابوو، خۆپیشاندەران بەیەکەوە هاواریان دەکرد “بڕوخێ دز، ئەندازیاری تاڵانی بارزانی و تاڵەبانی”.

دواتر سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی وتەیەکی لەبەردەم خۆپیشاندەراندا پێشکەشکرد و وتی: تا مووچەخۆران بێدەنگبن و کەمترینیان ناڕەزایەتییەکانیان بهێننە سەر شەقام، ئەوا گۆڕانکاریی دروست نابێت، ئەم دەسەڵاتە بۆیە بێ باکە، چونکە خەڵکێکی زۆری هەرێمی کوردستان بێدەنگن و نوێنەرانی خەڵک ئەرکەکانیان بەجێناهێنن.

وتیشی: شتێک بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە نەماوە، پارتی دەستی بەسەر داهاتی نەوت و هەموو جومگەکانی حکومڕانییدا گرتووە و بێمنەتانە حوکم دەکات، یەکێتیش هاوبەشییەتی، بزووتنەوەی گۆڕانیش کە خەڵک هیوای لەسەر هەڵچنی ئەویش بووەتە هاوبەشیان.

سۆران عومەر ئەوەشی وت: نابێت تەنها شەڕی دز و تاڵانچییەکان بکەین، دەبێت شەڕی ئەوانەش بکەین کە بێدەنگن و شەقامیان بەتەنها جێهێشتووە.

خۆپیشاندەرانی سلێمانی تابلۆیەکیان بەسەر تابلۆی نووسینگەی پەرلەماندا هەڵواسی، کە لەسەری نووسرابوو: ئەم کەلاوەیە بۆ کرێ، بۆ کەسی بەغیرەت.

خۆپیشاندەران بۆ ماوەیەک شەقامی بەردەم نووسینگەی پەرلەمانیان لە سلێمانی داخست.

ک.س

Comments are closed.