ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ژینگەیە

دووشەممە, 5 يون 2017 – 14:30 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

رۆژی 5ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی ژینگە ناسراوە، بەم بۆنەیەوە ژینگە دۆستان لە سەرتاسەری جیهاندا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.

رۆژی جیهانی ژینگە، یان رۆژی جیهانی سازگاری لەگەڵ ژینگە، کە بە (W.E.D)کورتکراوەتەوە، یەکێکە لە ڕووداوە مەزنەکان کە ئێستاکە ساڵانە لە سەرانسەری جیهان ژینگەپارێزان بەمە بەستی پاراستنی ژینگە لەو رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن و چالاکی ژینگەیی دەکەن و یادی دەکەنەوە.

رۆژی جیهانی ژینگە، لە ساڵی ١٩٧٣ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی دانیشتوانی سەرزەوی لەپێناو بایەخدان بە ژینگەی پاک و سەوزی ژیانی مرۆڤ دیاری کرا.

ئەم رۆژە بۆ یەکەمین جار لە کۆنفرانسێکدا بەناوی ‘مرۆڤ و ژینگە’ لە ٥ تا ١٥ی حوزەیرانی ١٩٧٣ دەستیپێکرد، لە سالی ١٩٧٣دا لەسەر ناوی بابەتێکی تایبەت بەناوی (تەنیا یەک زەوی) یادی کرایەوە، لە ساڵی ١٩٧٤ بەدواوە رۆژی جیهانی ژینگە لە شارە جۆراوجۆرەکانی جیهان بەڕێوەچوو.

ئامانجی (UNDP) لە بەڕێوەبردی ئەو رۆژەدا

* بەخشینی رووی مرۆیی بە پرسە ژینگەییەکان.

* تواناسازی خەڵک بۆ ئەوەی ببنە چالاکانی بواری پەرەپێدان و پاراستنی ژینگە.

* بەرزکردنەوەی ئەو دیدە گشتییە کە کۆمەڵگەکان لە گۆڕانی دیدگاکان و بەتایبەت لە پرسە ژینگەییەکان و رۆلی تەوەرەیی و بنەڕەتی دەگێڕێت.

* برەودان بە بەشداریکردن بە ئامانجی متمانەپێدان بە رەفتاری هەموو گەلان لە داهاتوویەکی پڕ لە ئاسایشی ژینگەیی و بەختەوەرانەتر.

– رۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێکیش رۆژی ژینگەیە لە هەرێمی کوردستاندا کە پێویستە لەو رۆژەدا گرنگی ژینگە زیاتر بۆ هاوڵاتیان روون بکرێتەوە.

د.خ

Leave A Reply