خەڵاتی عادیلە خانم درایە ژنانی خاوەن كار و بەهرەمەندى هەڵەبجە

ڕۆژنیوز- هەڵەبجە

ئەمڕۆ لە پارێزگاى هەڵەبجە بەبۆنەى ڕۆژى ٨ى مارسەوە ٤٠ ژنی خاوەن كار و بەهرەمەندى  ناوچەکە خەڵاتی عادیلە خانمیان پێدرا، بەشێک لە ژنان وەک خۆیان دەڵێن، پەیاممان لەم ڕۆژەدا بۆ ژنان ئەوەیە، کە لەهەر بوارێكدا سەركەوتوون پەرەی پێبدەن كۆڵنەدەن .

ئەمڕۆ لە بینای ڕێكخراوی كارسازی كار لە هەڵەبجە، بەبۆنەى ڕۆژى ٨ى مارسەوە  یەكەمین خەڵاتی ساڵانەی عادیلە خانم درا بە ژنانی بەهرەمەند و بەتواناى خاوەنکارى سنورەکە.

لەوبارەوە، پەروا عومەر، ئەندامی ڕێكخراوی كارسازیی كار بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە وەك ڕێكخراوی كارسازی كار لە بواری ئابوریدا كاردەكەین، ئەم چالاكیەمان دەچێتە چالاكی ئابوری كۆمەڵایەتیەوە و لە ڕۆژی ٨ی مارسدا دەمانەوێت سنوری توندوتیژی دژ بە ژنان تێپەرێنین و ژنان وەك ڕەنجدەر و دڵسۆز و بەهرەمەندێك پیشان بدەین.

ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ناونیشانی مەراسیمەكەشمان ناوى عادیلەخانم –مان هەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی بۆ سنوری شارەزوور ببێت بە سمبول و ڕەمزێك .

ئەوەشى خستەڕوو، خەڵاتەكەمان لە بۆ ژنانى سنوری پارێزگای هەڵەبجە بووە و تێیدا ٤٠ ژنی خاوەنكار و بەهرەمەندمان لە کەسانى دەست ڕەنگین، مامۆستا، فەرمانبەر و پزیشک خەڵاتکرد.

باسیلەوەشکرد، ئێمە ئەمڕۆ ئەو ڕێچکەمان شکاند، کە تەنها سیاسیەكان ڕێزلێنانیان بۆ بكرێت و لەم مەڕاسیمەدا ئەو ژانە خەڵاتکران، کە دڵسۆزن بۆ شارەكەیان .

ئەژین حەمە تۆفیق، کە پزیشكی نەخۆشیەكانی ژنانە و یەكێك بوو لەو ژنانەی خەڵاتی عادیلەخانمی پێبەخشرا بۆ ڕۆژنیوز وتی، زۆر سوپاسی ڕێكخراوی كارسازی دەكەم بۆ ئەم بەسەركردنەوەی ئەمڕۆیان و ئەمە هەستکردنە بە ماندوبونمان و جێگەى خۆشحاڵییە.

ئەو پزیشکە وتیشى، پەیامم لەم ڕۆژەدا بۆ ژنان ئەوەیە، کە لەهەر بوارێكدا سەركەوتوون پەرەی پێبدەن كۆڵنەدەن .

 

ئ.م

Comments are closed.