لەکەلار و خانەقین و کفری و خورماتوو ئاگری نەورۆز کرایەوە 

ڕۆژنیوز ـ گەرمیان 

جیاواز لەساڵانی ڕابردوو و هاوشێوەی شاروو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، لەگەرمیان و خانەقین ئاهەنگ و مەراسیمی  جیاجیا بۆ جەژنی نەورۆز  بەڕێوەچوو و ئاگری نەورۆز کرایەوە.

لەنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەدواوە لە چەند جێگایەکی جیاجیا لەگەرمیان، بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیان و بەبەشداری چەندین هونەرمەند و بەشێوازی جۆراوجۆر جەژنی نەورۆز بەڕێوەچوو.

لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەسەر قەڵای  شێروانە بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر و بەشداری ژمارەیەک هونەرمەندی ناوخۆی گەرمیان و تیپی هەڵپەڕکێی کرماشان و ئەستێرەکان و بەکردنەوەی ئاگری نەورۆز و تەقاندنی یاری ئاگرین جەژنی نەورۆز پیرۆزکرا .

لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی گەرمیان بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی فەرمی ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی لەشارۆچکەی کفری کردەوە ، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان ئامادەبووان و هونەرمەندان عادل هەورامی و چۆپی فەتاح و کاروان خەباتی بەژمارەیەک گۆڕانی نەورۆزیان لەگەڵ خەڵکی کفری بەرز ڕاگڕت.

لەشارۆچکەی خورماتووش، بەبەشداری ژمارەیەک زۆر لەدانیشتوانی شارۆچکەکە و چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی  عێراق ، بەکردنەوەی ئاگری نەورۆز و بەبەشداری تیپی میلڵی قەڵای شێروانە ئاهەنگێک بۆ نەورۆز بەڕێوەچوو، لەنێو پارکی  خورماتوو.

ها-ع

Comments are closed.