لەتیف فاتیح فەرەج: شەرمەزارییە بەهۆى موسڵمانبوونەوە پشتیوانی لە ئەردۆغان بکرێت

سلێمانى

نوسەرێک ئاماژە بەوەدەکات، کورد لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوت، چونکە بە ئەردۆغانی وت نەخێر، کورد بەو دیدگا نەخۆشەی وت نەخێر، کە دین و نەتەوەپەرستی تێکەڵ دەکات بۆ فریودانی خەڵک، دەشڵێت، ئەردۆغان لە ناوچە جیاوازەکانى کوردستان هاوڵاتى مەدەنى و موسڵمان دەکوژێت، بۆیە شەرمەزاییە هێزە ئیسلامیەکانى باشور لەژێر ناوى موسوڵمانبوون بەرگرى لە ئەردۆغان بکەن.

لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەمدا، کە بۆ پۆستى سەرۆک کۆماری تورکیا لە ٢٨ى مانگى ڕابردوو بەڕێوەچوو، ئەردۆغان بە نیوەی دەنگەکان و +١ توانیی ببێتەوە بە سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک، بە وتەی نوسەرێکی کورد، هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان، مەترسیە بۆ سەر ئابوری و ژیان و دیموکراسی هەموو گەلانی تورکیا، هاوکات، بە ئیسلامیە سیاسیەکانی هەرێمیش دەڵێت، شەرمەزارییە پێتانوابێت ئەردۆغان مسوڵمانە و پشتیوانی لێ بكرێت.

نوسەر و چالاکوان، لەتیف فاتیح فەرج، بۆ ڕۆژنیوز وتی: کەمال کلیچدار ئۆغلۆ لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا کەسێکی بوێر و بگۆڕ نەبوو، لە بارەی ئاشکراکردنی ڕاستینەی ئەردۆغان بۆ گەلانی تورکیا، بەداخەوە نە خۆی و نە ئەو گروپەی لە گەڵیدابوون نەیانتوانى ئەو کەموکوڕیانەی ئەردۆغان بخەنە بەرباس، هەر لە داڕمانی لیرەی تورکی و دەوڵەمەندبوونی دەستەبژێرێکی دەوری ئەردۆغان و هەر لە خۆی و کوڕ و زاواکەیەوە، کە مافیای نەوت و تاڵانین، بە نا ڕەوا بوونە بە ملیۆنێر، جگە لەوانەش بە کوشتدانی سوپای تورکیا لە لیبیا و دروستکردنی کێشە لە گەڵ ڕووسیا، کێشە لە گەڵ ناتۆ و دابەزینی ئاستی دیموکراسی، هەموو ئەمانە قسەی زۆری هەڵدەگرت، کە ئەردۆغانی تێدا شەرمەزار بکرێت.

لەتیف فاتیح فەرەج وتیشى، هەندێجار هەستم دەکرد ئەردۆگان دەنگی زاڵتر بوو بە سەر بەرامبەرکەیدا، ئەمە سەیر بوو بەلامەوە، دیکتاتۆر دەنگی زاڵتربێت، هەرچەندە ئەو دەنگانەی ئاکەپە و ئەردۆغان بە دەستییان هێناوە شکستە بۆیان، چونکە لە ٪٤٩ی گەلانی تورکیا دەرکەوت ئەردۆغانیان ناوێت، کەمکردنی ڕێژەی کورسیەکانیشیان دیسان هەر شکستە، پێنج ساڵی داهاتووی حکومەتی ئەردۆغان خراپترین حکومەت دەبێت بۆ گەلانی تورکیا، چونکە ئەردۆغان زۆر خراپ بیر دەکاتەوە، ئاین و نەتەوەپرستی تێکەڵ کردووە بۆ چەوساندنەوەی خەڵک.

ئەو نوسەرە باسیلەوەشکرد، ئەردۆغان لەم خولەدا بە لاوازی سەرۆکە و نوێنەرایەتی گەلانی تورکیا ناکات، تەنانەت لیرەی تورکی بە ئاسانی ناتوانێت بەرزبێتەوە، لەبەر ئەوەی تورکیا لە ماوەکانی ڕابردوو نیشانیدا، کە ناتوانێت سەرۆک بێت، بۆیە دەبێت خەڵکانی ئازادیخوازی تورکیا، چەپەکان و ئیسلامیە میانڕەوەکان، دایکان و باوکانی دەست بە دەستنوێژی ئامەد و ئەستەنبووڵ، لە خەبات بەردەوامبن و پاشەکشە نەکەن.

لەتیف فاتیح فەرەج دەشڵێت، ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٥، کە قۆناغی ئاشتی هەڵوەشاندەوە بوو بە دیکتاتۆر، هەندێک لە ئیسلامی سیاسی باس لەوە دەکەن و دەڵێن گوایە ئەردۆغان شتی بۆ کورد کردووە، ئەگەر وایە با گفتوگۆی لە گەڵ ئاپۆ بکردایە، ئەگەر ئەردۆغان ئیسلامە خۆ ئیسلام لە سەلام و ئاشتیەوە هاتووە، پێنج ساڵی داهاتووی حوکمی ئەردۆغان درێژکراوەی هەموو تاریکیەکانی ئەردۆغانە، گولەنیەکان و کورد لە بەرامبەر هەمان مەترسیدا دەبن، بەڵام بە ڕاستی کورد لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوت، عەیبە شەرمنانە باس لە سەرکەوتنی کورد بکەین، کڵچدار دەربچوایە یان دەرنەچوایە لەوانەیە زۆر شت گۆڕانکاری بە سەردا نەهاتایە، کورد سەرکەوت بەوەی بە ئەردۆغانی وت نەخێر، کورد بەو دیدگا نەخۆشەی وت نەخێر، کە دین و نەتەوەپەرستی تێکەڵ دەکات بۆ فریودانی خەڵک.

ئەو نوسەرە لە بارەی سەرکەوتنی کورد لە دواین هەڵبژداردنی تورکیادا ئاماژەی بەوەشدا، ڕاستە بەشێک لەوانەی پێان دەوترێت کورد دەنگیان بە ستەمکاری ئەردۆغاندا بەشێکی دیکەیان لە نەزانی و نەخوێندەواری دەنگیان بە ئەردۆغاندا، بەڵام بە ڕاستی دەرکەوت کوردی باکووری کوردستان ئازادیان دەوێت و ئەمەشیان بە هەموو دونیا وت، ئەمە زۆر گرنگە.

ئەوەشى خستەڕوو، لە تورکیا پێش ٣٠ ساڵ قسەکردن بە کوردی حەرام بوو، بەڵام ئێستا کورد دەڵێت نا بۆ ئەم ستەمکاریە، دەرکەوت کورد سەرکەوت بەوەی خۆی جیا کردەوە لە تورکیای فاشیست، فاشیزم بە چۆکدا هات و شکستی هێنا، بەڵام هەر لە سەر کورسی دەسەڵاتە و دەتوانێت ئازاری گەلەکەمان بدات، پێنج ساڵی داهاتوو، پێنج ساڵی داهاتووی خەباتی کوردە.

ئەو نووسەرە کوردە لە بارەی ئیسلامی سیاسی لە باشوری کوردستان و پشتیوانیکردن لە فاشیست بە ناوی ئاینەوە، وتی، ئەردۆغان بەردەوامە لە سەر جینۆساید و کۆمەڵکووژی کوردان، ڕۆژانە لە عەفرین خەڵک دەکوژرێت لە لایەن بەرەی نوسرەوە، ئێ ئەردۆغان پارەیان دەداتێ، تورکیا لە کورتەک خەڵکی مسوڵمان و خانەوادەی دەست بە دەستنوێژی کووشت، لە ئامەد و جەزیرە خەڵکی موسوڵمانی خستە ژێر دەبابەوە کوشتیانی، ئەوە تێگەیشتنێکی گەمژانەیە بە ناوی ئاینەوە پشتیوانی لە ئەردۆغان بکرێت.

لە کۆتایشدا وتى، ئەردۆغان دەستی پرە لە خوێنی کورد، ئیسلامی ڕاستەقینە ئەوەیە داگیرکاری دەبینێت و لێی قبوڵ ناکات، ئەمانە چۆن ئیسلامێکن، نە دەتوانن بە ئەردۆغان بڵێن ستەمکارە، بەڵام ئیسلامی سیاسی دەبێت ئەوە باش بزانێت لای ئەردۆغان جیاوازی لە نێوان کوردی چەپ و ئیسلامی سیاسی نیە، کە فڕۆکەی تورکی لە ئەزمڕ خەڵک دەکوژێت، نایات پرسیار بکات ئەمە چی حزبێکە.

ئ.م

Comments are closed.