لە ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمەدا شێروان سزادرا و بەرۆشکی ڕفێندرا

ناوەندی هەواڵەکان

لەگەڵ تێپەڕینی ١٥ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامەحەمە، ئێستا کپکردنی دەنگی ئازاد و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بووەتە سیما و مۆرکێک، کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی پێ پێناسە دەکرێت، لە تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمەوە تا سزادانی شێروان شێروانی لە ناو دادگا و ڕفاندنی ئومێد بەرۆشکی.

ئەمڕۆ ١٥ ساڵی تەواو بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمەدا تێدەپەڕێت، کە ڕۆژی ٢١ـی تەمموزی ٢٠٠٨ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەرکوک تیرۆر دەکرێت، تا ئیستاش دۆسیەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە و سەرەڕای پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، تاوانباران و ھۆکاری کوشتنی ھێشتا بەشاراوەیی ماوەتەوە.

سۆران محەمەد عەزیز، ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە، لە ٢ـی شوباتی ١٩٨٦ لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک لەدایکبووە، خانەوادەکەی لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە ترسی ڕژێمی بەعس شاری کەرکوک بەرەو سلێمانی جێدەهێڵن و لە حامیەی سلێمانی (پارکی ئازادیی ئێستا) نیشتەجێدەبن.

سۆران لە سلێمانی دەچێتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی تەواودەکات، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس خانەوادەکەیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاری که‌رکوک و له‌ ناوه‌ندی (سه‌رکارێز) درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات، هه‌ر له‌ شاری که‌رکوک ده‌چێته‌ په‌یمانگای هونەرە جوانەکان، تا کاتی شەهیدبوونی خوێندکاری ئەو پەیمانگایە بووە.

سۆران، هاوشانی خوێندن کاری کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا خولیای خوێندنه‌وه‌ و نووسین بووه‌، بەگوێرەی گێڕانەوەی کەسوکارەکەی، هەر لە منداڵییدا چەندین جار لەسەر دیوارەکانی حامییەی سلێمانی شیعری نووسیوە.

ئەزموونی ڕۆژنامەوانیی سۆرانی مامە حەمە

سۆران یەکەم بابەتی ڕۆژنامەوانیی لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا لە پۆلی سێیەمی ناوەندی دەنووسێت و بڵاویدەکاتەوە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام و گەڕانەوەی خانەوادەکەی بۆ شاری کەرکوک، سۆران بە‌ خۆبه‌خش وەکو پەیامنێر کار بۆ ڕۆژنامەی (کەرکوکی ئەمڕۆ) دەکات، کە زمانحاڵی کۆمەڵەی ڕووناکبیریی و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکوک بووە، هاوکات لە تەلەفزیۆنی (العراقیە) پەخشی کەرکوک وەک پەیامنێر کاردەکات، له‌ هه‌مان کاتدا په‌یامنێری که‌رکوکی هەفتەنامەی (کوردش گڵۆپ) بووە، کە لە هەولێر بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکرایەوە.

له ساڵی ٢٠٠٦دا ده‌بێت به‌ په‌یامنێری ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت و لە کەرکوک و دواتر ده‌بێته‌‌ به‌رپرسی نووسینگه‌ی که‌رکوکی ڕۆژنامه‌که،‌ لە ژمارە ١١ تاکو ژماره‌ ٢١ له‌ ڕۆژنامەی چەمچەماڵ ستوونێکی هەبووە بەناوی (نیشتیمانی بێ ئارایشت)، هه‌روه‌ها بەرپرسی ڕاگەیاندنی (ناوەندی چاک) بووە لە کەرکوک، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی (نووگرەسەلمان) بووە لە شاری کەرکوک.

هه‌ر له‌ ساڵی ٢٠٠٦دا پەیوەندیی بە گۆڤاری لڤین-ەوە دەکات و وەک پەیامنێری کەرکوکی گۆڤارەکە دەستبەکاردەبێت و دواتر دەبێتە بەرپرسی نووسینگه‌ی که‌رکوکی گۆڤارەکە و تا ساتی شه‌هیدبوونی به‌رده‌وام ده‌بێت لەو گۆڤارە.

هاوکات له‌ ڕۆژنامه‌کانی (رۆژنامه‌، ئاسۆ، هه‌واڵ، چه‌مچه‌ماڵ، که‌رکوکی ئه‌مڕۆ) و گۆڤاری بانه‌ڕۆژ و سایته‌کانی ماڵێک له‌ ئاسمان، ده‌نگه‌کان، کوردستانپۆست و ئارامی نووسینی بڵاوکردووەته‌وه.

سۆران بۆ تیرۆرکرا؟

هەر لەو ساڵانەی کارکردنیدا، سۆران بابەتێک بڵاودەکاتەوە، کە تێیدا داوای دەرکەوتنی هاوسەری مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە دوایین ڕاپۆرتیشیدا کە لە گۆڤاری لڤین بڵاوی کردووەتەوە بەناونیشانی “سۆزانییەکان کەرکوک داگیردەکەن”، کە تێیدا تێوەگلانی بەرپرسانی حکومیی شاری کەرکوکی لەگەڵ ئەو ژنانەی کە بە “لەشفرۆش” ناویان دەهێنرێت ئاشکرا کردووە، کە تا ئێستاش ئەو کارانەی وەک بەشێک لە هۆکارەکانی تیرۆرکردنی هەژماردەکرێن.

سووربوونی سۆران لەڕووماڵکردن‌ و خستنەڕووی گەندەڵیی بەرپرسان‌ و دەسەڵاتی کوردیی لە شاری کەرکوک، چەندین جار ئەوی ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی کردبوویەوە، تەنانەت دوو مانگ بەر لە تیرۆرکردنیشی، هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، ڕاپۆرتەکانی بووبوونە مایەی هەراسانکردنی گەندەڵکاران و بە بێ ترس‌ و سڵەمینەوە لە ڕاپۆرتەکانیدا گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ئاشکرا دەکرد.

شەوی ٢١ی تەمموزی ٢٠٠٨، سۆرانی مامە حەمە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەرکوک دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللـە و تیرۆر دەکرێت، سەرباری پێکهێنانی چەندین لیژنەش لەسەر تیرۆرکردنی ئەوڕۆژنامەنووسە و هەڵدانەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەوڕووداوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەسێک بەتۆمەتی تێوەگلانی لەو تیرۆرەدا دەستگیرنەکراوە.

مێژووی کپ کردنی دەنگی ئازاد و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە باشوری کوردستان

مێژووی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە باشوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرپێکەوتنی ئەزموونی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان، ساڵی ١٩٩٣ ڕەئوف ئاکرەیی، ڕۆژنامەنووس لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە دهۆک تیرۆرکرا، ساڵی ٢٠٠٨ عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکوک، ساڵی ٢٠١٠ سەردەشت عوسمان لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٢ کاوە گەرمیانی لە کەلار، ساڵی ٢٠١٦یش وەدات حسێن لە دهۆک تیرۆرکراون.

خاڵی سەرنجڕاکێش لە کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووساندا، ئاشکرانەکردنی بکەرانی تاوانەکەیە، تاوەکو ئێستا جگە لە سزادانی کەسێک بە زیندانییکردنی هەتاهەتایی لەسەر کەیسی کاوە گەرمیانی، “بۆ ئەمەش بنەماڵەکەی وەک تاوانباریی سەرەکی قبوڵی ناکەن”، هیچ کەسێک لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە باشوری کوردستان دەستگیرنەکراوە، ئەمەش بەلای ڕۆژنامەنووسانەوە، ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ زیادبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان.

لەگەڵ ئەوانەشدا کەیسی زیندانیانی بادینان و سەپاندنی زیندانیکردن بەسەریاندا بووتە سیمایەکی زەقی دەسەڵاتی پەدەکە، کە باسێکی گەرمی ڕۆژنامە و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانە، لە دواین هەنگاویش بۆ نەهێشتنی دەنگ و قەڵەمی ئازاد نیوەڕۆی دوێنێ دادگای هەولێر بەتۆمەتی هەڵبەستراوی “گزی” کردن دووبارە سزای چوار ساڵ زیندانی کردن کردنی خستە پاڵ شێروان شێروانی و شەوی ڕابردووش ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە ڕفێندرا.

ش. ئـ

Comments are closed.