ستەمی سەر بادینان لە ئەنفالی بەعسەوە تا دەسەڵاتى پەدەکە

باران گەرمیانی

ئەمڕۆ، ٣٥ ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر ئەنفالی بادیناندا، کە کۆتا قۆناغی ئەنفال بوو بە دەستی ڕژێمی بەعس ئەنجام درا، لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی، سەدان گوند و ماڵ ڕووخێندران و هەزاران کەس ئەنفال و بێسەروشوێن کران، بەڵام تا ئێستاش کەس و کاری قوربانیان و بەرکەوتووانى چەکی کیمیایی قەرەبوو نەکراونەتەوە، هاوکات دانیشتوانى ئەو دەڤەرە بەدەست دەسەڵاتى زوڵم و زۆری پەدەکەوە دەناڵێنن و سەرەتاییترین مافیان بۆ دابین نەکراوە.

لە ساڵی ١٩٨٨، کۆتا قۆناغی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال لەلایەن پێنج فیرقەی سەربازیی ڕژێمی بەعس، بە هاوکاری چەندین چاوساغ و جاش لە بادینان دەستیپێکرد، کە بووە هۆی ڕووخاندن و تەختکردنى نزیکەى ٦٦٠ گوند و ئەنفالکردن و بێسەروشوێنکردنی هەزاران کەس، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان هەزار کەس ئاوارەی ناوچە سنوورییەکانی وڵاتانی ئێران و تورکیا بوون.

لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفالی بادینان ژماره‌يه‌كى زۆرى هاوڵاتییانی بادینان ده‌ستگیر كران ‌و ڕه‌وانه‌ى قه‌ڵاى نزاركێی دهۆک ‌و زیندانی سه‌لامییه‌ى موسڵ كران، ژماره‌یه‌كیشیان بۆ تۆبزاوه‌ گواسترانه‌وه کە تائێستا چارەنووسیان نادیارە‌‌و بێسه‌روشوێن كران.

هاوکات هه‌زاران هاوڵاتیی به‌ره‌و سنووره‌كانى باکووری کوردستان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون له‌ کەمپەکانی”دیاربەکر و مووش ‌و مێردین” نیشته‌جێ كران.

پرۆسەی ئەنفالی بادینان، لە ٢٥ی ئاب دەستیپێکرد و تا ٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوو، ئەمە هەشتەمین قۆناغی ئەنفال بوو، کە هەریەک لە ناوچەکانی (زاویتە، ئەتروش، ئامێدی، سەرسەنگ، چیای مەتین، چیای گارەو هەردوو بەری زێی گەورە)گرتەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەکەدا، وێرای خاپوور کردن و ئەنفالکردنی دانیشتوانی سەدان گوند، ڕژێمی بەعس چەکی قەدەغەکراوی هێشوویی و کیمیایی بەکارهێنا، سەدان کەس شەهید بوون و ئەوانەى لەژیاندا مان تائێستاش کاریگەری ئەو چەکەیان لەسەرەو حکومەتى هەرێم هیچ هەنگاوێکى بۆ چارەسەرکردنیان نەناوە، لەکاتێکدا بەشێکیان بە تێچوویەکی کەم لە دەرەوەى هەرێم دەتوانرێت چارەسەر بکرێن.

گوندنشینانی بادینان بۆ خۆپاراستن بە زۆری خۆیان گەیاند بە ناوچە شاخاویی و ئەشکەوتەکان یان ناوچە سنوورییەکانی ئێران و تورکیا، بەڵام بەشێکی زۆر لە پیاوەکان بێسەروشوێن کران و ژنان و منداڵانیش ئازاد کران.

لەدوای ڕووخانى ڕژێمی بەعسەوە دەستووری هەمیشەیی عێراق نووسرایەوە، یەکێک لەمادەکانى ئەو دەستوورە کە مادەی ١٣٢ە هاتووە کە دەبێت سەرجەم زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا کەسوکاری قوربانییان و ئەنفالکراوان بە هیچ جۆرێک قەرەبوو نەکراونەتەوە و هەر جارە بە بیانوویەک حکومەتى عێراق خۆی لەو ئەرکە دەدزێتەوە.

یەکێک لە دواکارییەکانى کەس و کاری ئەنفالکراوان ئەوەیە، کە ڕووفاتی کەسە ئەنفالکراوەکانیان بگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانى خۆیان، تاکو ناو و ناونیشانى دیار بێت، بەڵام ئێستا بە سەدان ڕووفات لە شوێنێکى تایبەت لە بەغدا دانراون و تائێستا نەگەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان کە ڕووفاتى شاڵاوەکانى ئەنفالی ناوچە جیاوازەکانى هەرێم تێدایە بە بادینانیشەوە.

ئێستا داوای ٣٥ ساڵ دانیشتوانى دەڤەری بادینان بە گشتیی و بەرکەوتووانى چەکی کیمیایی و کەسوکاری ئەنفالکراوان بەدەست نەبوونى سەرەتاییترین مافەکانیانەوە دەناڵێنن و دەسەڵاتى پەدەکە بە هەموو شێوەیەک خەڵکی ناوچەکە دەچەوسێنێتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو قوربانی و شەهیدەی کە ئەو دەڤەرە بە کورد و کوردستانى بەخشیوە، بەڵام دەسەڵاتی زوڵم و زۆری پەدەکە مافی خۆپیشاندان و ڕادەربڕین بە خەڵکی بادینان بە ڕەوا نابینێت و سەرکووتی دەکات.

ئەمڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، هاوشێوەی ڕژێمی بەعس لە بادینان، بە کردنەوەی دەیان بنکە و بارەگای سەربازیی لە چوارچێوەی پرۆسەی داگیرکارییدا، دەستی بە قڕکردن و لەناوبردنی گەلی کورد کردووەتەوە، بادینانیش پشکی شێری لەو قڕکردنە بەرکەوتووە.

هەروەها ڕۆژانە دەوڵەتى داگیرکەری تورک چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بەکاردەهێنێت، لە هەموو لایەکەوە دەوڵەتى داگیرکەر قڕکردنى بەهەمان عەقڵیەت و فکری ڕژێمی بەعسدا دەست پێکردوە، ئەمەش دەبێتە درێژە پێدەری پرۆسەی کۆمەڵکوژ کردن و جینۆساید کردنی گەلی کورد لەسەر دەستى دەوڵەتانى داگیرکەر.

هـ.ح

Comments are closed.