سیستمی خۆبەڕێوەبەریی پاوەجێ بوو

سیهام ڕۆژ

(سیستمی خۆبەڕێوەبەریی شنگال) دەستکەوتێکی ستراتیژیی بۆ کۆمەڵگای ئێزدیی، کە لە ساڵی ٢٠١٥ـوە، بووە بە پاڵهێزی خۆڕاگریی و بەهێزبوون و بەردەوامیی کۆمەڵگا.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان دەستووری عێراق، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چاو دەوڵەتانی تر دیموکراسییانەترە بۆ کەمەنەتەوەکان و پێکهاتە باوەڕییە جیاوازەکان، کە کراوەیە بە ڕوویاندا و مافەکانیان دەستەبەر دەکات، بە گوێرەی بەندەکانی دەستوور هەموو تاک و باوەڕییەکان مافی ئەوەیان هەیە خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.

بە گوێرەی دەستوور، عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی ناسنامەی خەڵکی عێراق، کە زۆربەیان موسوڵمانن، هەروەها مەسیحیی، ئێزدیی و هەموو باوەڕییەکانی تر، کە بتوانن ئازادانە پەرستشی خۆیان ئەنجام بدەن.

لە بڕگەیەکی دیکەشدا دەڵێت: عەرەبیی و کوردیی دوو زمانی فەرمی کۆماری عێراقن، خەڵکی عێراق لە چوارچێوەی پەیڕەوە پەروەردەییەکاندا، لە خوێندنگە حکومییەکان دەتوانن منداڵەکانیان بە زمانی دایکیان یان هەر زمانێک بیانەوێت دەتوانن بیخوێنن، مافی خوێندنیان بە زمانی خۆیان بە یاسا پارێزراوە.

وەک لەم وردەکارییانەدا لە یاسای بنەڕەتی عێراقدا دەبینرێت، هەموو کەمەنەتەوە و ئایینەکان مافی خۆیانە کە خۆیان بەڕێوە ببەن، زمان و باوەڕ و کەلتووری خۆیان بپارێزن، بەڵام گەلی ئێزدیی پێش خۆبەڕێوەبەریی بێبەش بوون لەم مافانە.

پێش جینۆساید!

هەرچەند لە دەستووردا ئەم مافانە دیاری کراوە، بەڵام شنگال لەلایەن کۆمەڵێک هێز و لایەن و کەسایەتیی بەژەوەندخواز لە دەرەوەی ئیرادەی ئێزدییەکانەوە بەڕێوە دەبرا، تەنانەت لە بڕیاردان لە بارەی چارەنووسی خۆشیانەوە بێبەشکرابوون، بەڵام لە پاش جینۆسایدی ٢٠١٤ ئەم دۆخە گۆڕا، بە دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی شنگال.

دوای جینۆساید!

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی بە ناوی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری شنگال، لە ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ بە ئامادەبوونی پێشەنگانی کۆمەڵگای ئێزدی مام زەکی شنگالی، سەید حەسەن و شەهید بەرخۆدان ڕاگەیەندرا، بە ژمارەیەکی کەم بەڵام بە ئامانجێکی گەورەوە دامەزرێندرا و تێکۆشانی خۆی فراوان کرد.

ئەمڕۆش لە سایەی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شنگالدا گەلی ئێزدیی خۆیان بەڕێوە دەبەن، له هەموو هەرێمەکان، شار، شارۆچکە و شارەدێکاندا ئەنجوومەنی گەل بنجی داکوتاوە.

لەم ئەنجوومەنانەدا خەڵک لەگەڵ یەکتر کۆ دەبنەوە، خۆیان کێشەکانی خۆیان گەنگەشە دەکەن و هەر خۆیان بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن و بڕیار دەدەن، کۆمەڵگا خۆی داواکاریی و پێویستییەکانی هەڵدەبژێرێت و دەیخاتە کارنامەی خۆی و عێراق و هەموو جیهانەوە.

ئەنجوومەنی گەل بۆ کۆبوونەوە، سیمینار، پەروەردە و پیرۆزباییەکان گەل لە ئامێز دەگرێت و دەبێتە سەکۆی کۆبوونەوەی گەل، لەناو ئەنجوومەنەکانی گەلدا هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا هەیە و بۆ هەموو بەشەکان کۆمیتەی تایبەت دامەزرێندراوە، کۆمیتەکان لێکۆڵینەوە دەکەن و لە کۆبوونەوەکانیاندا مشتومڕی لەسەر دەکەن و لەسەر بنەمای خواست و داواکاریی و پێویستییەکانی کۆمەڵگای ئیزدیی دەیانخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بێگومان ئەمە کاری دەوڵەتی عێراقە، بەڵام چونکە هیچ کات پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی جێبەجێ نەکردووە و پڕۆژەی زۆر کەمی دروست کردووە، بە بڕوای ئێزدییەکان بەجێهێشتنی ئەم ڕۆڵ و ئەرکە بۆ دەوڵەت زیاتر کات بە فیڕۆدانە، هەر بۆیە دامەزراندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی لە شنگال پێشکەوتنێکی مێژووییە و هەتا ئێستاش سوودێکی زۆر دەگەیەنێت بە کۆمەڵگا.

ئەمساڵ لە ١٦ـی نیسان ئەنجوومەنی خۆسەری دیموکراتی شنگال (مەخەدەشە)  پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بەست، ئەم کۆنگرەیە بە ڕاگەیاندنی ‘ پەیمانی کۆمەڵایەتیی خۆبەریوەبەریی شنگال’ گەورەترین هەنگاوییان نا، بەو پەیمانە بڕیار و پلانی کار و چالاکییەکانی خۆشیان زیاتر پێشکەوت و بە ڕوونی دەرکەوت، کە ئەم سیستەمە خۆبەڕێوەبردنە چارەسەری هەموو کێشەکانە کە پێویستە بەهێزتر و قووڵتر کاری لەسەر بکرێت.

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی هیوا، مۆڕاڵ و باوەڕییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگای ئێزدیی، جارێکی دیکە بوو بە هۆکاری زیندووکردنەوەی ئیرادەی گەل و تێکۆشان بۆ ژیانی یەکسان و ئازاد.

ب.ق

Comments are closed.