١٦ـی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامە ترسناکەکەی ڕیفراندۆمەکەی بارزانی

ناوەندی هەواڵەکان

شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ١٦ـی ئۆکتۆبەر، کە دەرئەنجامی ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی بوو، تێیدا ٥١٪ـی خاکی باشووری کوردستان کەوتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی عێراق و سەرەتایەک بوو بۆ دەستپێکردنەوەی تەعریبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای باشووری کوردستان.

دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە شکستخوادووەکەی بارزانی لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧، گەمارۆکان لەسەر هەرێمی کورستان دەستی پێکرد و جووڵەی دەروازە سنوورییەکان کەم کرانەوە، فڕۆکەخانەکان داخران و هەر یەک لە عێراق، ئێران و تورکیا هەڕەشەیان لە دژی هەرێمی کوردستان دەست پێکرد.

حکومەتی عێراق، مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێری بە هەرێم دا، کە پێشمەرگە لە ناوچە دابڕێنراوەکان بکشێنێتەوە و سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە ساڵی ٢٠١٤ جێیان هێشتبوو، بۆ ئەم پرسە سەرانی یەنەکە و پەدەکە لە هاوینەهەواری دوکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و نەگەشتنە هیچ ئەنجامێک.

سا بۆیە لە بەرەبەیانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هێزێکی زۆری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لەشکرکێشییان کرد و لە ٥١٪ـی خاکی باشووری کوردستانیان کۆنتڕۆڵ کرد، ئەو ناوچانەی بە خوێنی هەزاران پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان، لە چەتەکانی داعش ڕزگار کرابوو، بە چەند کاتژمێرێک چۆڵکران، جگە لە گەریلا و خۆبەخشەکان هیچ هێزێک بەرگریی نەکرد.

هەروەها هەرێمی كوردستان ٥٥٪ـی هەناردەی نەوتی لەدەست دا، پێش ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان ١٢ بیرە نەوتی لە ژێر دەستدا بوو، بەڵام هەریەک لە بیرەنەوتەكانی (هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خەباس، جەمبوور، عەینزالە و بەتمە)ـی لەدەستدا و كەوتنە دەستی حكومەتی عێراق، كە كۆی گشتی بەرهەمیان ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.

١٦ـی ئۆکتۆبەر و تەعریب!

پاش ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، بە بڕیاری ڕاكان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی كەركووک، عەرەبی هاوردە ڕەوانەی چەندین ناوچەی كوردیی كران، بە پشتیوانی ئەو و بەشێک لە ئەفسەرانی پۆلیسی فیدراڵی ئێراق، عەرەبی هاوردە كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە هێنرابوونە ناوچەكە و دواتر لە ٢٠٠٣ ناوچەكەیان جێهێشتبوو، جارێکیتر گەڕێنرانەوە بە تایبەت بۆ ناوچەکە و فشارێکی زۆر لە کوردەکان دەکەن و کێشەی داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەکان لەلایەن عەرەبەکانەوە سەری هەڵداوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات، لە ساڵی ٢٠١٧ کورد توانی کەرکووک، شەنگال، گوڵاڵە و کۆمەڵێک ناوچەی دیکە لە دەستی داعش ڕزگاربکات و سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، پێشمەرگە توانی بگەڕێتەوە دوایین سنوورەکانی باشووری کوردستان، ئەو ناوچانەی کە بە ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان ناودەبرێن و لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠دان، بەڵام ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی ئەم دەستکەوتە مەزنەی لەباربرد و دەستی عێراقی واڵاکرد بۆ شاڵاوێکی نوێی تەعریب، بەمەش لە ٥١٪ خاکی باشووری کوردستان لەدەستچوو.

عەرەبە بەدەوییەکان جگە لەوەی لەناو شاری کەرکووک چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان بە زیادەڕۆیی درووست کردووە، لە گوندەکانی دەورووبەریشدا ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر جوتیارە کوردەکان و دەست دەگرن بەسەر زەویی و ئاوەکانیان، بەهۆی گێچەڵی عەرەبی هاوردەوە کوردەکان ناچارن گوندەکانیان جێبهێڵن، لە سنووری داقووق زیاتر لە ١٢ گوندی کاکەیی هەن و پێنجیان چۆڵ کراون و یەکێک لەو گوندانەش عەلی سەرایە کە پایتەختی کاکەییەکانە.

بەم دواییانەش لە گوندەکانی حەفتەغار و پەڵکانە لە سنووری کەرکوک عەرەبی بەدەوی، بە پشتیوانی سوپای عێراق چەندین جار هێرشیان کردە سەر جوتیارە کوردەکان و قەدەغەی هاتوچۆیان لە سەر ئەو گوندانە سەپاند، بەم پێودانگەش بڕوات گۆڕانکارییەکی گەورەی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە دەبێتە چیرۆک.

ب.گ

Comments are closed.