سەید ڕەزای دێرسیم.. نموونەی بەرخۆدان و ڕادەست نەبوون

باران گەرمیانی

لە ساڵی ١٩٣٤ دەوڵەتی تورک جارێکی دیکە یاسای دووبارە نیشتەجێکردنەوەی هاوڵاتییانی لە ناوخۆی وڵاتدا دەرکرد، کوردەکانی دێرسیمی لە زێدی باوباپیرانیانەوە گواستەوە بۆ ناوچەکانی خۆرئاوای تورکیا کە ناوچەی بیابانیی بوو، لە هەمان کاتدا تورکەکانی لە ناوچە کوردنشینەکان نیشتەجێ کرد، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی دێرسیم بە پێشەنگایەتی سەید ڕەزای دێرسیم، کە تا کاتی لەسێدارەدانیشی لە بەرگرییکردن و ڕادەست نەبوون بە دەوڵەت بەردەوام بوو.

سەید ڕەزا کوڕی سەید ئیبراهیمی دێرسیمە، لە ساڵی ١٨٦٣ لە دەڤەری دێرسیم لە دایک بووە، لە دژی ستەمەکانی دەوڵەتی تورک هۆزە کوردەکانی ناوچەکە کۆدەکاتەوە و شۆڕشی دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٤ دەست پێ دەکات و نازناوی سەید ڕەزای دێرسیمی لێدەنرێت.

لە ساڵی ١٩٣٤، دەوڵەتی تورک بڕیار دەدات کوردەکانی دێرسیم بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆرئاوای تورکیا، هەروەها ناوی دێرسیم بگۆڕێت بۆ تونجەلی، تونجەلی لە زمانی تورکیدا بە واتای دەستی پۆڵاین دێت، واتا بە دەستێکی پۆڵاین ڕووبەڕووی کوردەکان دەبینەوە، ئەمەش هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕشی سەید ڕەزای دێرسیم بوو.

تورکەکان سیاسەتی جیاکارییان بەکار دەهێنا، کورد و زازا و عەلەویی بە سێ پێکهاتەی جیاواز پێناسە دەکرد بۆ ئەوەی ناکۆکی لەناو کورد دا درووست بکات، بۆیە لە ساڵی ١٩٣٧ کوردانی دێرسیم نامەیەک دەنێرن بۆ دەوڵەت، لە جیاتی وەڵامدانەوەی نامەکە، نامەبەرەکە دەکوژن، ئەم ڕووداوە دەبێتە دەستپێکی یەکگرتنی هۆزەکانی ناوچەکە و بە پێشەنگایەتی سەید ڕەزای دێرسیم شۆڕش لە دژی دەوڵەت بەرپا دەکەن.

دەوڵەتی تورک بە فەرمانی ئەتاتورک، ٢٥ هەزار سەرباز ڕەوانەی دێرسیم دەکات بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکە، سوپای تورک بەهیچ شێوەیەک دەستی نەپاراست، بە گوللە و فڕۆکە و چەکی کیمیایی ژن و منداڵەکانی دێرسیمی کۆمەڵکوژ کرد، سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییە نەتوانرا کۆتایی بە شۆڕشەکەی سەید ڕەزای دێرسیمی بهێنن، بۆیە ئەتاتورک داوای دانووستانی کرد و بڕیاردرا لە شاری ئەرزنجان شاندی دەوڵەت و شۆڕش بە سەرکردایەتی سەید ڕەزا کۆ ببنەوە.

هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا دەوڵەت دەستهەڵگرێت لە ستەمەکانی بەرامبەر بە کوردەکان، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا بەڵێنەکەیان نەبردە سەر، لە ٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣٧، سەید ڕەزا و ئەندامانی شاندەکەیان دەستگیرکرد، پاش گواستنەوەیان بۆ شاری خارپێتی باکووری کوردستان، لەگەڵ کوڕە ١٦ساڵییەکەی و شەش هاوڕێی دیکەیەدا لە ١٥ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دادگایی کران و لە سێدارە دران.

بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لەو کاتەدا بڵاوکراونەوە، ئەتاتورک لە ڕۆژی لە سێدارەدانی دا، لە شەمەندەفەرێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەفسەرانی پلە باڵادا، چاوی بە سەید ڕەزا دەکەوێت و داوای لێ دەکات پەشیمانی خۆی دەرببڕێت، سەید ڕەزاش پێی دەڵێت: کارێکم نەکردووە کە لێم ببووریت و پەشیمانیش نیم، لە کاتی درووستبوونی تورکیا چەکەکانمان ڕادەست کرد و دەمانویست پێکەوە بژین، بەڵام ستەمەکانی سووپا زیاتربوون و ئەم گەلەش ناچار بوو بەرگری لە خۆی بکات، لەم بەرگرییەش پەشیمان نین.

هاوشێوەی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران، تا ئێستاش گۆڕی سەید ڕەزا و کورەکەی و هاوڕێکانی نادیارە، بەپێی سەرچاوەکان زیاتر لە ١٤ هەزار کەس لە دێرسیم کۆمەڵکوژ کراون، هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لە زیاتر لە ٣٥  هەزار کەس دەكەن، ئەمە جگە لەوەی  ١٢ هەزار کەس، بە زۆرەملێ ڕاگوێزراون یان ئاوارەوە و پەرش و بڵاو بوونەتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.