کەرکووکی کوردان سەکۆی یەکلاییکردنەوەی ململانێی سێ نەتەوە لە هەڵبژاردندا

بڕوا ئەسعەد

چوار ڕۆژی تر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقە، لە پاش ١٧ ساڵ دووبارە کەرکووکی کوردان دەبێتەوە چەقی ململانێکان، بۆ یەکلاییکردنەوەی ١٥ کورسی پارێزگاکە لە نێوان سێ نەتەوەی سەرەکی، ئەگەرچی بۆ کورد شەڕی نەتەوەییە و لە شانییەوە تورکمان و عەرەب هەن، بەڵام بە پێنج لیست بەشدارییان کردووە!

لە پاش ١٧ ساڵ بێبەشبوونی خەڵکی شاری کەرکووک، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، بڕیارە لە ١٨ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، هەریەک لە کورد و تورکمان و عەرەب، وەک سێ نەتەوەی سەرەکی شارەکە، بە چەندین لیستی جیاوازەوە بەشداریی دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی ١٥ کورسی پارێزگاکە.

لیست و هاوپەیمانییە ڕکابەرەکانی کەرکووک بۆ ‌‌هەڵبژاردن

لە پارێزگای کەرکووک ١١ لیست و هاوپەیمانی کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ١٥ کورسی، تەنها کورد بە پێنج لیستی جیاواز بەشداریی دەکات ئەوانیش (هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە، لیستی نەوەی نوێ، پەدەکە، پارتی سۆسیالیست، هاوپەیمانی نێوان هەردوو هێزی ئیسلامی سیاسیی کە کۆمەڵ و یەکگرتوون) هۆکاری پەرتەوازەیی کوردیش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی پەدەکە، کە هەر لە سەرەتاوە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کرد بە مەرج بۆ یەک لیستی و ڕێککەوتنی سیاسیی لەگەڵ بەرەی تورکمانی و عەرەبی سوننە بەست.

لیستە عەرەبی و تورکمانییەکان بریتین لە (تحالف معالم کرکوک، تحالف العروبة، تحالف مدني، حزب ثقة، تحالف العربي كركوك، تحالف القیادة، جبهة التركمانية) سێ کاندیدی سەربەخۆ-ش لە ڕکابەری یەکتردان، کۆی کاندیدانی لیست و هاوپەیمانییەکان ژمارەیان ٢٤٥ کەسە، لەوانەش ٦٧ـیان ژنە و١٨٧ـیان پیاوە، ڕکابەری بۆ بە دەستهێنانی ١٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەکەن.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، ملیۆنێک و ١٥٣ هەزار و ٤٠٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەڵبژاردنەکە لە ناوەندی پارێزگاکە و چوار شارۆچکە و ١٢ شارەدێی سنووری پارێزگاکە ئەنجام دەدرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هەندێک شارەدێ و شارۆچکەی سەر بە پارێزگاکە کورد هیچ کاندێکی نییە، بۆ نموونە شارۆچکەی حەویجە.

مێژووی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو کە بریتی بوو لە ٤١ کورسی، لیستی  برایەتی کە پێکهاتەی لایەنە کوردییەکان بوو، زۆرینەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیان بەدەست هێنا بە ٢٦ کورسی، بەرەی تورکمانی کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە سەرپەرشتی دەکرێن ٩ کورسیان هەبوو، هەروەها پێکهاتەی عەرەب تەنها خاوەنی ٦ کورسی بوون، بە هۆی ئەوەی تەنها دوو ساڵ بوو، ڕژێمی بەعس ڕووخابوو، بایکۆتی دەنگدانیان کرد و بوون بە کەمینە لە پارێزگاکە.

هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ سەرجەم لیست و هاوپەیمانییەکان، بە ڕکابەرییەکی سەختدا تێدەپەڕێت، زۆربەی وڵاتانی دراوسێ دەستێوەردانی گەورەیان کردووە و پشکیان هەیە لە دنەدانی دژبەرەکانی کورد بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گەلی کورد پۆستی پارێزگاری شارەکە بەدەست نەهێنێتەوە، بە تایبەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، پەدەکە و بەرەی تورکمانی عەرەبی سوونە وەکوو ماشە بەکاردەهێنێت، نوێترین هەوڵیان تانەدانە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە، دادگاکە لە ٤ـی ئەم مانگەدا یەکەم خوێندنەوەی بۆ دۆسییەکە کرد و بڕیاریاندا دانیشتنەکە بۆ ١٢ـی ئەم مانگە دواخرا.

گەلی کورد لە پارێزگای کەرکووک، ئامانجییەتی زۆرترین کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بەدەست بهێنن، بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی شۆڤێنییەکان بهێنن، کە بووە بە پاڵپشت بۆ دەرکردنی کورد لە پۆستە گرنگەکانی کەرکووک، دانانی عەرەبی هاوردە لە شوێنەکانیان، هەروەها داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکانی مادەی ١٤٠.

بڕیارە ١٥ـی ئەم مانگه، لە سەرانسەری عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن بە فەرمی کۆتایی بێت، لە ١٧ـی ئەم مانگە، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت، هەروەها ١٨ـی ئەم مانگە دەنگدانی گشتیی ئەنجام دەدرێت، ٣١٨ ناوەندی دەنگدان ئامادەکراون، کە ١٨٩٨ کابینەی دەنگدان لەخۆ دەگرێت، هەروەها ٢٦ ناوەندیش بۆ دەنگدانی تایبەت ئامادەکراون کە ١٣٥ کابینەی دەنگدان لەخۆ دەگرێت، جیاوازتر لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ٥٤٤٢ کامێرای چاودێریی لە نێو بنکەکان دانراون، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە چاودێریی دەکرێت.

بەهۆی ململانێیەکی مێژوویی نێوان کوردی خانەخوێ و عەرەب و تورکمانی میوان لە شارەکەدا، هاوکات جیۆپۆلەتیک و پێگەی ستراتیژیی کەرکووک و بوونی دەریایەک نەوت لەژێر ئەو شارەدا، لەم هەڵبژاردنەدا دەبێتە چەقی ململانێکان و چاودێرانیش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کورد لە پاش ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی و ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، هەروەها پەرتەوازەیی ناوخۆیان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی کورددا نابینن.

ب.گ

Comments are closed.