ئاڵنگارییەکانی بەردەم پەروەردە و فێربوون لە زیادبووندان

ناوەندی هەواڵەکان

سیستمەکانی پەروردە بەهۆی جەنگ و ململانێکانی دەسەڵاتدارییەوە، لە گێژاوێکی بەهێزی شکستدان و دەسەڵاتدارانیش دوایین خاڵ، کە گرنگی پێبدەن پڕۆسی پەروەردە و فێرکردنە.

ڕۆژی ٢٤ـی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک، وەک ڕۆژی جیهانیی پەروەردە و فێرکردن دیاری کراوە، تێییدا لە ڕێگەی گفتووگۆ و ڕاوێژەوە هەوڵی بەهێزکردن و پێشخستنی سیستەمەکانی پەروەردە دەدرێت بە شێوەیەک، کە لەگەڵ پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی و سەردەمەکەدا هاوتابێت.

دیاری کردنی ڕۆژێک بۆ پەروەردە، لەپێناو چڕکردنەوەی هەوڵەکان  بۆ پێشخستنی سیستمی پەروەردەیی لە سەرانسەری جیهان و فەراهەمکردنی دەرفەتی خوێندن و پەروەردە بۆ هەموو مرۆڤایەتی سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بەهۆی جەنگ و ململانێکان و گەندەڵی و سیاسەتی قۆرخکاری دەسەڵات، تا دێت ئاڵەنگاریی و بەربەستەکان زیاتر دەبن و مەترسی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لە زیاد بووندایە.

بەڵام لەمڕۆدا، کە جەنگ و ململانێ سیاسییەکان و دژایەتییەکانی دەسەڵات، خوێندن و فێرکردن بووەتە پرسێکی ئەستەم و ملیۆنان مرۆڤ لەو مافە بێبەشکراون.

جیا لەوەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردیی لە ژێر هەژموونی داگیرکاریی و قەدەغە کردندایە، ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی پەروەردە و فێرکردن لە باشوور بکەین، کە چەندیین ساڵە خاوەن قەوارەی خۆیەتی، بە ئاسانی درک بەو قەیرانە قوڵانە دەکەین، کە سیستمی پەروەردە  و فێرکردن تێی کەوتووە و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چاوی خۆیان لە ئاستیاندا داخستووە.

بەدەر لەوەی هەرێمی کوردستان سیستمیی پەروەردەکەی بەشێووەیەک نییە تاکی داهێنەر و بیرمەند بۆ داهاتوو پێبگەیەنێت و لە ئاست پێداویستییەکانی سەردەمدا نییە، یەک لەو گرفتانەی سیستمی پەروەردەی هەرێم دەیان ساڵە گیرۆدەیەتی، گرنگی نەدانە بە پەروەردە و فێرکردن بە زمانی دایک، بەشێوەیەک لە ئێستادا زمانی کوردیی لە قەیراندایە و خەیرکە نەوەیەک درووست دەبێت، نەک هەر ئەوەی زمانەکەی خۆی بەلاوە گرنگ نییە بەڵکو بەپێویستیشی نابینێت بە کوردیی بدوێت و بیربکاتەوە.

ئەوەش لە ئەنجامی شەڕی تایبەت و سیاستەتی داگیرکاریی نەرمی دەوڵەتانەوە سەرچاوەی گرتووە و ڕۆژ بە ڕۆژ شوناس و ناسنامەی تاکی کورد، کە سەرەتا زمان، پاشان کەلتوورەکەیەتی بەرەو کاڵبوونەوە و توانەوە دەبەن، لێسەندنەوەی زمان و کەلتووریش، پاش بەکارهێنانی هێز و کۆمەڵکوژییەکان یەکەم هەنگاوە قڕکردنی نەتەوەیەک.

لە عێراقیش جیاکاریی ڕەگەزی و قەیرانە ئابووری و جەنگە یەک لە دوای یەکەکانەوە، پەروەردە بە گرنگ نابینرێت، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانان یەک ملیۆن منداڵی عێراقی بێبەشن لە دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە و فێربوون.

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، بەنموونە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان بەهۆی سیاسەتی پیاوسالاریی و توندڕەویی فیکری ئیسلامیی تاڵیبان، پەروەردە و فێربوون لە ژنان و کچان قەدەغە کراوە.

هەروەها لە کەرتی غەزەی فەڵەستین، بەهۆی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لەم ساڵدا پڕۆسەی پەروەردە پەکخراوە، هاوشێوەی ئۆکراینا، کە لە ئەنجامی ململانێ سەربازییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا و بۆردوومانە بەردەوامەکانی ڕووسیا، پەروەردە بووەتە دواین خاڵ، کە دەسەڵاتداران باسی لێوە بکەن.

ئەمانە چەندین نموونەی هەرە دیاری ئاڵەنگاریی و مەترسییەکانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنن، بەڵام لە کۆمەڵگەکانیشدا بەهۆی هەژاری، قۆرخکاریی سیستمی سەرمایەداریی و نەبوونی دەرفەتی فێربوونی بێ بەرامبەر بۆ تاکەکان ملیۆنان کەس لەو مافە بنەڕەتییە بێ بەشن.

 

ش. ئـ

Comments are closed.