هەرێم قادر
چالاکوانانی هەڵەبجە باس لەوە دەکەن، ئەو پێشکەوتنانەی ژنان بەدەستیان هێناوە بە هەوڵ و توانای خۆیان بووە، بەتایبەت ڕەخساندنی دەرفەتی کار، بەڵێنیش دەدەن تا بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان.
بەهۆی تێکۆشانی بەردەوامی ژنان و سووربوون لەسەر تێکشاندنی ڕێگرییەکان ئێستا کەشێکی جیاواز بۆ کارکردنی ژنان و بوون بە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ هاتووەتە ئاراوە و تا ئاستێک بەربەستەکان تێپەڕێندراون، لەگەڵ ئەوەشدا چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان دەڵێن: ئێستاش کارێکی زۆر ماوە بکرێت و تا بەدەستهێنانی سەرجەم ماف و ئازادییەکانمان دەبێت بەردەوامبین لە تێکۆشان.
لە بارەی ڕەوشی ژنان لە شاری هەڵەبجە و ئەو ئاستەی پێی گەیشتوون هەردوو چالاکوان ئارێز فەرهەنگ و هێرۆ وەکیل بۆ ڕۆژنیوز دوان.
سەرەتا ئارێز فەرھەنگ چالاکوانی ژنان بە ڕۆژنیوزی باسی لەوەکرد، ژنان لە بەدەستهێنانی مافەکانیان قۆناغێکی باشیان تێپەڕاندووە، کە ئەوەش لە ئەنجامی هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان و ئێستاش پێویستە بەردەوامی پێ بدەن.
دەربارەی بەشداری ژنانیش لە کایەی سیاسیی و بەڕێوەبردندا وتی: بۆ بەشداریکردن لە کایەی سیاسیدا دەبێت ژنان کۆڵنەدەن، هەوڵی زیاتر بدەن بۆ گەیشتن بە یەکسان و لە بەرامبەر ستەم و نادادیش بێ دەنگ نەبن و ئاشکرای بکەن.
ئارێز تیشکی خستە سەر ژنانی هەڵەبجە وتی: لە بوارەکانی کەرتی تایبەت و گشتیشدا ژنانی هەڵەبجە زۆر بە باشی جێدەستیان دیارە، بەڵام حکومەت نەیتوانیوە وەک پێویست دەرفەتی کار بۆ ژنان بڕەخسێنێت، پێویستە زیاتر ھاوکاری و پاڵپشتیان بکرێت.
هەروەها ھێرۆ وەکیل چالاکوانی بواری ژینگە و مافەکانی ژنان وتی: پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە زیاتر بێنە دەرەوە کار بکەن، چونکە سەلمێنراوە دەتوانن ئەو بەھرە و لێهاتووییەی ھەیانە نیشانی بدەن، جێدەستیشیان لە بوارەکانی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیشدا دەرخستووە، وەک دەبینین بە تێکۆشان و هەوڵی خۆشیان توانیویانە بەربەستەکان تێپەڕێنن و بەشێکی زۆریان ببنە خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەی هەمیشە تێدەکۆشن و کار دەکەن بۆ سەندنی مافەکانیان، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بگەن بەوەی جیاوازیی و جیاکاریی لەنێوان ژنان و پیاواندا نەهێڵن، بەڵام بە پێداگرییەوە وتی: کۆڵنادەین و بەردەوام کار دەکەین تا دەگەین بە ئامانجەکەمان.
هێرۆ وەکیل لە کۆتایی قسەکانیدا، بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە وتی: ڕاستە لە شاری هەڵەبجەدا ژنان لە پێگەییەکی بەڕێووەبردندان، بەڵام ئایا چی گۆڕانکارییەکیان کردووە؟ ھەروەھا دەشڵێت: ناشتوانین بڵێین ژنان لە شارەکەدا ڕوبەڕوی توندوتیژیی نابنەوە، لەبەر ئەوەی ھیچ بەڕێووەبەرایەتی و سەنتەرێکمان نییە، بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە بچن لەوێ سکاڵا تۆمار بکەن ئاماری توندوتیژییەکان وەربگیرێت.
ش. ئـ
Comments are closed.