منداڵانیش بانگەوازی بەشداربوون لە نەورۆزی بناری قەندیل دەکەن

ناوەندی هەواڵەکان

منداڵانیش لە وەرزی بەهار و دەربڕینی خۆشی و شادی خۆیان بێبەش ناکەن، ئەمساڵ بەشداریی لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی کوردەواری دەکەن، هەروەها پەیام دەگەیەننە گەل، کە بەشداریی لە نەورۆزی ئەمساڵی بناری قەندییل بکەن.

منداڵانی کورد، لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە، پەیامێکی ڤیدیۆییان، لە بارەی پیرۆزکردنی چەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل بڵاوکردەوە.

مندالان لە پەیامەکانیاندا دەڵێن: “نەورۆزتان پیرۆز، نەورۆز لە هەرچوار پارچەی کوردستان پیرۆز بێت، ئەمساڵ لە قەندیل نەورۆز پیرۆز دەکەین، وەرن پێکەوە نەورۆز پیرۆز بکەین، هەر ڕۆژ نەورۆز و هەردەم ئازادیی”

بڕیار وایە، جارێکی دیکە گوندی ئێندزە لە بناری قەندیل، ئەمساڵیش باوەش بۆ گەل و نەورۆز بکاتەوە و ئاهەنگی گەورەی پیرۆزکردنی ئەو جەژنە بەڕێوەبچێت.

لەبەر ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵ دەکەوێتە ناو مانگی ڕەمەزانەوە، کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگەکە، لە ٢٠ـی ئەم مانگەدا، ئێوارە خوانێکیان بۆ بەربانگی ڕۆژووانان ئامادەکردووە، هەروەها لە شەوەکەیدا ئاهەنگ و چەندین بەرنامە بەڕێوەدەچێت.

ئاهەنگی گەورەی نەورۆز، لە کاتژمێر ١٢ـی نیوەرۆ، لە گوندی ئێندزەی بناری قەندیل، بە بەشداری چەندین هونەرمەند و گرووپی هونەری لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە و بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەدەچێت.

هەروەها، لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانەوە پاس بۆ گواستنەوەی بەشداربووان ئامادەکراوە و هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون.

ب. جـ

Comments are closed.