” لەکاتى شەڕى داعشدا پەكەكە قوربانییەكی زۆریی بۆ عێراقدا “

بەغدا                    

چاودێران دەڵێن، لە كاتی ڕزگاركردنی خاكی عێراق و هەرێم لەژێر دەستی چەتەكانی داعشدا، پەكەكە قوربانی زۆریدا، هەروەها لە دوای كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، پەكەكە بەشداریی لە پاراستنی ئێزدییەكان كرد، داواش دەکەن، حكومەتى عێراق ملكەچى داواکارى دەوڵەتى تورک نەبێت.

بەپێی زانیارییەكان، لە ئێستادا عێراق لە ژێر  فشاری دەوڵەتی توركدایە بۆ ئەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان بخاتە ناو لیستی حزبە قەدەغەكراوەكانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێشتر دەوڵەتی تورك دەیان جار ئەم داوایەی لە بەغدا كردووە، بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە، بە پێی ڕاگەیاندراوەكانی ئەم دواییانەی هەردوو دەوڵەت بێت، لە ئێستادا هەوڵێك هەیە لەو بارەیەوە.

ئەحمەد شەریفی
ئەحمەد شەریفی

لەوبارەوە ئەحمەد شەریفی، چاودێری سیاسیی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لە عێراقدا هیچ مەترسییەك نییە بۆ سەر سەروەری وڵاتەکەمان، بەڵكو پەكەكە قوربانییەكی زۆریی بۆ عێراقدا لە كاتی شەڕی چەتەكانی داعشدا.

دەشڵێت، ئەگەر عێراق بەهۆی خواستی توركیاوە ئەو پەکەکە بخاتە لیستی حزبە قەدەغەكراوەكان، ئەوە كێشەی گەورەی لێدەكەوێتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەم دۆسێیە لە كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەتی عێراق لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێ دەكرێت، لە كاتی سەردانەكەی بۆ بەغدا، بەڵام نابێت عێراق ملكەچی خواستی ئەردۆغان بێت.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا  كۆبووەوە.

پێشتر عێراق بە فەرمی ئاشکراى نەکردبوو، کە دەوڵەتی تورك چەندین جار داوای لە عێراق كردبوو، كە پەکەکە بخاتە لیستى حزبە قەدەغەکراوەکانەوە، بەڵام بەغدا ڕەتیكردبووەوە، چونکە پێیان وایە پەكەكە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ لایەنەکانى عێراق هەیە و لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكانی ڕزگاركردنی هاوڵاتییان لە دەستی چەتەكانی داعش ڕۆڵى بەرچاویان هەبووە.

عەباس جبووری
عەباس جبووری

عەباس جبووری شرۆڤەكاری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پەكەكە تەنها بیانوویەكە بۆ توركیا، وەك هەر حزبێكی دیكەی ئۆپۆزسیۆن وایە و كاری خۆی دەكات، لە دەست ئەو ستەمكارییەی حكومەتی توركیا، كە  بەرامبەر بە كورد دەكرێت و مافی ئۆتۆنۆمیان پینادرێت هاتوونەتە عێراق، ژمارەیەكی زۆر كورد هەیە، مافەكانیان بەدەست نەهێناوە.

باسی لەوەشكرد، دەستێوەردانەكانی توركیا پێویستی بە بەرپەرچدانەوەی حكومەتی عێراق هەیە، چونكە توركیا خاكی عێراق بۆردوومان دەكات و سەروەری وڵاتەکەمان پێشێل دەكات، پشكی ئاوی عێراق دەگرێتەوە، كە بەپێی ڕێككەوتنی دەوڵەتانی كەنار دەریا دیاری كراوە.

بەپێى زانیارییەکانى ڕۆژنیوز، هاوشێوەی ئەوەی لە سووریا هەیە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر گفتوگۆكانی توركیا لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەكی ئەمنی لە ناوخۆی عێراق دەستیپێكردووە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی خواستەکانى دەوڵەتی داگیركەی تورك لە عێراقدا.

عیسام فەیلی
عیسام فەیلی

عیسام فەیلی شرۆڤەكاری سیاسی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، توركیا ئەو وڵاتە بوو، كە چەندین ساڵ لەمەوبەر پەكەكەی دەركرد و پاڵینا بۆ ناو عێراق، ئێستاش داوای سڕكردنی دەكات، من باوەڕم وایە ئەمە كارێكی نادرووستە، چونكە ئەمە تەنها داواكاریی دەوڵەتی تورکە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە كاتی هاتنی ئەردۆغان بۆ بەغدا، دەبێت حكومەتی عێراق بە وریایی مامەڵە لەگەڵ دۆسێیەی پەكەكە بكات، دەبێت حكومەتی توركیا ئاگادار بكاتەوە، كە بەغدا هیچ ڕێگریەك لە بوونی ئەو حزبە ناكات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قوربانییانەی داویەتی لە خاكی عێراقدا.

ڕ.ش

Comments are closed.