هۆکار و نیشانەکانى ریخۆڵە تەقین چین؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر فەرمان عوسمان دەڵێت، نەخۆشی کونبوونی ریخۆڵەکان و گەدە، یەکێک لە نەخۆشییە کتوپڕ و مەترسیدارەکانی جەستەی مرۆڤە، ئەگەر نەخۆشیەکەی بە زوویی دەستنیشان نەکرێت و چارەسەر نەکرێت، ئەوا مەترسی جددی لەسەر ژیانی درووست دەبێت، دەشڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانى حاڵەتەکە هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی تووندە.

دکتۆر فەرمان عوسمان، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لە نووسینێکدا ئاماژە بە هۆکار و نیشانە و چارەسەرییەکانى تەقینى ڕیخۆڵە دەکات و دەقى نووسینەکەشى بەمجۆرەیە:-

نەخۆشی کونبوونی ریخۆڵەکان و گەدە، یەکێک لە نەخۆشییە کتوپڕ و مەترسیدارەکانی جەستەی مرۆڤە، بە گوێرەی شوێنی کونبوونەکە، هەوا و خواردن و ئاو و ئەنزیم و پیسایی، بە ناوسکی نەخۆشەکەدا بلاودەبێتەوە، ئەگەر نەخۆشیەکەی بە زوویی دەستنیشان نەکرێت و چارەسەر نەکرێت، ئەوا مەترسی جدی لەسەر ژیانی درووست دەبێت.

ئەو کەسانەی دووچاری نەخۆشی کونبوونی ریخۆڵە دەبن، پێشتر نەخۆشی ریخۆڵە و گەدەیان هەبووە، بە هۆی چارەسەر نەکردنی ئەو نەخۆشیەوە، گەدە یان ریخۆڵە یان زراو کون دەبێت و دەتەقێت.

کام نەخۆشیانە دەبنە هۆی کونبوون و تەقینی ریخۆڵە ؟

یەکەم– بریندارکردنی ریخۆڵە بە هۆی قوتدانی دەرزی و گوێزان و ئێسقانەوە.

دووەم– خواردنەوەی ماددەی زیانبەخشی وەک تێزاب.

سێیەم– قورحەی گەدە و ریخۆڵەی دوانزەگرێ .

چوارەم– بەردی زراو دەبێتە هۆی کونکردنی کیسی زراو و کونکردنی ریخۆڵە یان تەقینی کیسی زراو.

پێنجەم– هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی توند.

شەشەم– نەخۆشی ریخۆڵەگیرانی چارەسەرنەکراو.

حەوتەم– نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەکان بە هۆی تێکچوونی بەرگری جەستەوە، وەک نەخۆشی کرۆن.

هەشتەم– نەخۆشی هەوکردنی میکرۆبی ریخۆڵەکان وەک نەخۆشی سیل و نەخۆشی گرانەتا.

نۆیەم– خواردنی هەندێک دەرمان بە بی ئاگاداری پزیشک وەک دەرمانی ڤۆڵتارین و پردنیسۆلۆن.

نیشانەی تەقینى ڕیخۆڵە کامانەن؟

یەکەم– نەخۆشەکە هەست بە ئازارێکی توند و بەردەوامی سکی دەکات.

دووەم– حەز ناکات بجوڵێت، بە جوڵانەوە ئازارەکەی زیاتر دەبێت.

سێیەم– ئەگەر هەیە برشێتەوە.

چوارەم– ریخۆڵەکانی سست دەبن و قەبز دەبێت.

پێنجەم– دڵی بە پەلە لێدەدات، فشاری خوێنی دادەبەزێت، پلەی گەرمای بەرزدەبێتەوە.

دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە بە چى ڕێگایەک دەبێت؟

ئەو نیشانانەی سەرەوە لەگەڵ پشکنینی سک بە تیشک، دەریدەخات، کە نەخۆشەکە ریخۆڵەی تەقیوە.

چارەسەرکردنی تەقینى ڕێخۆڵە چۆن دەکرێت؟

یەکەم– دەبێت نەخۆشەکە بە زووترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی نەشتەرگەری و داخڵ بکرێت.

دووەم– لە نەخۆشخانە بە دەمارمغەزی پێبدرێت، رێگە نەدرێت هیچ بخوات.

سێیەم– بە دەمار دەرمانی ئەنتیبایۆتیکی پێبدرێت.

چوارەم– پشکنینی خوێن و تیشکی بۆ بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ نەشتەرگەری.

پێنجەم– نەشتەرگەری کردنەوەی سکی بۆ بکرێت، کونەکە بدوردرێتەوە و ناوسکی پاک بکرێتەوە.

ئ.م

Comments are closed.