دوێنێ لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی باکووری کوردستان و تورکیا پەیامی چی درا؟

ناوەندی هەواڵەکان

دوێنێ، لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا، کە گرنگترینیان “وان، ئەستەنبوڵ” بوو، بە سەدان هەزار کەس بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز، ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد و هاواری ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و پەیامی بەرفراوانکردنی تێکۆشان بۆ ئازادیی درا.

ئاهەنگەکانی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی کوردەواری لە ١٥ـی ئەم مانگەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیانپێکردووە، دوێنێش لە ١٥ ناوەند ئەو ئاهەنگە بەرز ڕاگیرا و بڕیار وایە تا ٢٥ـی ئەم مانگە بخایەنێت.

بەرەبەیانی دوێنێ، بە جۆش و جلوبەرگی ڕەنگا و ڕەنگی کوردییەوە، گەل ڕوویان لە گۆڕەپانەکانی ئاهەنگەکان کرد، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی دەستیپێکردنی ئاهەنگەکان بوون.

گرنگترین ئەو ناوچانەی، کە ئاهەنگی تێدا بەرێوەچوو، هەریەک لە وان و ئەستەنبوڵ بوو، کە بە سەدان هەزار کەس بەشدارییان تێیدا کرد و ئاڵا و وێنەیان بەرز کردەوە.

لە شاری ئەستەنبوڵ و هەناوی فاشیزمەوە، گەل پڕ بە گەر داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد و دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێت، کەس ناتوانێت ڕۆژمان تاریک بکات، ئازادیی ئازادیی بۆ ئۆجالان ئازادیی” و دەیان دروشمی دیکە، تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی ئەو شارەیان پڕکردبوو.

هەروەها، لە ئاهەنگەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرایەوە، لە کاتی بەرز کردنەوەی وێنەکەدا جۆش و خرۆشێکی گەورە کەوتە ناو خەڵکەکە و هەموان بە یەکەوە درووشمی بژی سەرۆک ئاپۆیان وتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەشداربووان بە جۆش و خرۆش و هەڵپەرکێ و گۆرانی بەردەوامییان بە جەژنەکەیان دا و تا درەنگانێک بەردەوام بوو.

بڕیار وایە، لە ٢١ـی ئەم مانگە، ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بە بەشداریی زیاتر لە ملیۆنێک کەس، لە گۆرەپانی نەورۆز، بە بەشداری چەندین هونەرمەندی ناوداری کورد، هاوکات پێشکەشکردنی چەندین پەیامی سیاسیی بەڕێوەبجێت.

هاوکات، لە باشووری کوردستانیش، هەر لە ٢١ـی ئاداردا، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، گوندی ئێندزە لە بناری قەندیل باوەش بۆ گەل و نەورۆز دەکاتەوە و ئاهەنگی گەورەی نەورۆز بە بەشداری هەزاران کەس و چەندین هونەرمەند و گرووپی هونەریی بەشداریی تێدا دەکەن.

ب. جـ

Comments are closed.