کیمیابارانی هەڵەبجە تا ئێستا کاریگەری لەسەر نەوەکان داناوە

سلێمانی

چەکی کۆمەڵکوژیی قەدەغەکراوی کیمیایی، کاریگەریی بێکۆتا و نەبڕاوە لەسەر مرۆڤ و ژینگە درووست دەکات، پاش کیمیابارانکردنی هەڵەبجەش تا ئێستا کاریگەرییە کوشندەکانی بەردەوامی هەیە، بەتایبەت لەسەر ژنان و منداڵان.

دکتۆر شایان جەلال
دکتۆر شایان جەلال

لەبارەی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی و کاریگەرییەکانى لەسەر ژنانی دووگیان و کۆرپەلە، دکتۆر شایان جەلال خەڵەف پسپۆڕی نەخۆشیەکانى ژنان و منداڵبوون بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

دکتۆر شایان سەرەتا وتی: لەسەر قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە کراوە، کە دەرکەوتووە بەهۆی بەرکەوتوون بە چەکی کیمیایی زۆرێک لە ژنان و پیاوانیش تووشی نەزۆرکیی بوون، لە کاتێکدا پێش ڕووداوەکە هیچ کێشەیەکیان نەبووە و منداڵیشیان بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە کۆرپەلەکانی لەو کاتەدا سکی دایکیاندا بوون یاخود منداڵبوون، ئێستا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە تێیاندا بەرزە.

بۆ ئەوەش چەندین نموونەی هێنایەوە و وتی: کەیسی شێرپەنجەی جگەر، ئێسک، شانەکانی خوێن، دیارترین ئەو جۆرانەی شێرپەنجەن، کە قوربانیی بەرکەوتەی چەکی کیمیایین لە هەڵەبجە.

ئەو پزیشکە دەربارەی کارییگەرییە ڕاستەوخۆکانیش ئەوەی خستەڕوو، ئەو ژنانەی لە ساڵی ١٩٨٨ لە هەڵەبجە دووگیانبوون و بەرکەوتەی چەکە قەدەغەکراوەکە بوون، زۆربەیان منداڵەکانیان لەبارچووە، یاخود بە مردوویی منداڵەکەی لەدایکبووە، هەروەها لە کاتی توێکاریشدا دەرکەوتووە کۆرپەلەکە گۆڕانکاری لە دەمارەکانی سەریدا هەبووە یاخود مێشکی ئاوساوە.

ش. ئـ

Comments are closed.