داوایەک لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پێشکەشکرا

ناوەندی هەواڵەكان

كاندیدێكی پۆستی پارێزگاری دیالە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەكەمین داوای یاسایی فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پێشكەش بە دادگای كارگێڕی لە بەغدا کرا، ئەمەش بەهۆی شكستی ئەنجوومەنەكەیە، كە دوای چەندین كۆبوونە نەیتوانیووە پارێزگار دیاری بكات.

عەلی خوام تەمیمی، كاندیدی پۆستی پارێزگاری دیالە لە بارەی تۆماركردنی سكاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەمجۆرە بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

عەلی خوام تەمیمی بە كەناڵی “بەغداد یوم”ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە ڕێگەی كۆمەڵێك پارێزەری خۆبەخشەوە، داوای یاسایی فەرمیمان پێشكەش بە دادگای كارگێڕی بەغدای پایتەخت كردووە، بە مەبەستى هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاى دیالە، ئەمەش بەهۆی شكستی ئەنجوومەنەكە دێت لەو ئەرکانەى پێى سپێردراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای چەندین كۆبوونەوە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نەیتوانی حكومەتی خۆجێی شارەكە پێكبهێنێت، كە ئەمەش بووەتە هۆی ئیفلیجی پڕۆژەکانى شارەكە.

ڕوونیشی كردەوە، شكستهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە چوار دانیشتندا بۆ دیارىکردنى کەسێک بۆ پۆستى پارێزگاى شارەکە بە واتاى ئەوە دێت ئەنجوومەنەکە لە چوار ساڵى ئایندەدا سەرکەوتوو نابێت لە کارەکانیدا.

جێگای سەرنجە، عەلی خوام تەمیمی، وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە كاندید كردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.