ئەمریکا: بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی پەدەکە و هەرێم و عێراق نییە

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرژەوەندیی پەدەکە و گەلی کوردستان و عێراق ناکات، هاوکات باڵیۆزی ئەمریکاش لە عێراق دەڵێت: نیگەرانین لە ڕاگەیاندنی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.

ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە بڕیارەکەی پارتی لەبارەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن نیگەرانین.

ئاماژە بەوەش کرد، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرژەوەندیی پارتی و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق ناکات.

هاوکات ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند: نیگەرانین لە ڕاگەیاندنی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.

وتیشی: داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەین دڵنییایی بدەن کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و متمانەپێکراو دەبن.

باڵیۆزی ئەمریکا جەختیکردەوە، هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لە سەر داهاتوویان.

ئەمڕۆ پەدەکە بەسەرۆکایەتى بارزانى کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا و بایکۆتى لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

لەلایەکی دیکەوە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەو وادەیەی دیاری کراوە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام کشانەوەکەی پەدەکە پێدەچێت کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە بکات و ئاڵۆزی لەناوچەکە دروست بکات، بۆ ئەوەش دەیەوێت دەرفەتێک بداتە دەوڵەتى داگیرکەری تورک هێرشی داگیرکاری زیاتر بکات.

هـ.ح

Comments are closed.