لەبارەی درووستبوونی لافاوەوە شۆفێران ئاگاداردەکرێنەوە

ناوەندی هەواڵەکان

بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا و ئەگەری درووستبوونی لافاوەوە، هاتوچۆی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە لەو شوێنانە ئۆتۆمبێل ڕانەگرن کە مەترسی دروستبوونی لافاویان تێدا هەیە، هاتوچۆی راپەڕینیش داوا لە شۆفێران دەکەن دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی ڕێگای گۆمەسپان-سماقوڵی.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەکەنەوە بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا و درووستبوونی لافاوەوە لەو شوێنانە ئۆتۆمبێل ڕانەگرن کە مەترسی دروستبوونی لافاویان تێدا هەیە بە تایبەتی نزیک پردی سەیداوە.

هاوکات پارێزگای هەولێر بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی سبەی بارانبارینی بەخوڕ لە سەنتەری شاری هەولێر لە کاتژمێر ١:٠٠ـی دوانیوەڕۆوە دەستپێدەکات و لەو کاتەدا دەوام کۆتایی دێت بەو هۆیەش سبەی لە پارێزگاکە پشوو نییە.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی توندی بارانبارینەوە و مەترسی درووستبوونی لافاوەوە، داوا لە شۆفێران دەکەن دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی ڕێگای گۆمەسپان-سماقوڵی.

لەلایەکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتى ماوە بەسەرچووی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە درەنگانی ئەمشەودا بە هۆی بارانی زۆر و ئەگەری روودانی لافاو هەیە و بارودۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان سەخت دەبێ و شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقەی بەهێز روو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەکات.

هـ.ح

Comments are closed.