دایە خۆخێ: یاساکانی عێراق هەرگیز ئێمەی نەپاراستووە و ئێستاش نامانپارێزن!

شنگال

دایە خۆخێ ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ یاسایەک لە عێراق ئێزدییەکانی لە کۆمەڵکووژی نەپاراستووە و تا ئێستاش نایانپارێزێت و دەشڵێت: هەرکەسێک پشتگیری لە پاراستنی ئێزدییەکان بکات، دەبێتە ئامانجی دەوڵەتی تورک، پێویستە پێکهاتەی ئێزدی پێکەوە لە دژی هێرشە جینۆسایدییەکان بوەستنەوە.

دەوڵەتی تورک و پەدەکە خۆیان بۆ هێرشی گەورەتر لە دژی گەلی کورد و پێکهاتەی ئێزدی ئامادە دەکەن، بەڵام بەو پێیەی نەیانتوانیوە لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا و ئیرادەی گەلدا بە ئامانجەکانیان بگەن، دەیانەوێت ئەو پلانانە بە پشتیوانی عێراق جێبەجێ بکەن.

دایە خۆخێ دایکی هاوسەرۆکی پێشوی دەستەی بەڕێوەبەری شنگال مەروان بەدەل کە، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورک شەهید بوو، لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە بانگەوازی بۆ عێراق و ڕایگشتی ئێزدییەکان کرد.

دایە خۆخێ لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: با عێراق هیچ پلانێک لە دژی ئێمە بە ناوی یاساوە جێبەجێ نەکات کاتێک گەلەکەمان کۆمەڵکووژ دەکرا هیچ یاسایەکی عێراقی نەبوو، کە بمانپارێزێت، بەڵام ئەمڕۆ عێراق بە ناوی یاساوە زەمینە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خۆش دەکات، پەکەکە نە لە کاتی فەرمانی عوسمانییەکان و نە لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش لە شنگال نەبوو، بەڵام جارێکی تر هێرش کرایەوە سەرمان، دەسەڵاتدارانی عێراق هەمیشە دەڵێن، شنگال بەشێکە لە عێراق، بەڵام ئەگەر ئێمە عێڕاقیین، ئەوا با عێراق ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئاسمانی شنگال جێبەجێ بکات و نەهێڵێت دەوڵەتی تورک خاکەکەی داگیر بکات.

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: دەیانەوێت خاکی عێراق دابەش بکەن، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە ڕێگە بە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک بدات، دەوڵەتی تورک ٧٤ کۆمەڵکووژی بەسەر ئێمەدا جێبەجێ کردووە و تا ئێستا بەردەوامە لە هێرشەکانی کە هیچ یاسایی نین و پێویستە عێراق هەڵوێستی خۆی نیشان بدات، سەدان گەنجی ئێمە هەن لە گۆڕستانی شەهیدانن، کە گیانیان بەخت کردووە، زۆرێک لە گەنجەکانمان لە کاتی هێرشەکانی داعشدا بۆ بەرگری لە عێراق شەڕیان کرد، بەڵام دواتر بوونە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و شەهیدبوون! عێڕاق ڕێگە بەم هێرشانە دەدات، ئەگەر عێراق هاوبەشی ئەم هێرشانە نەبێت، ئەوا پێویستە ڕێگری لە دەوڵەتی تورک بکات و پێشەنگەکانمان چیتر نەکرێنە ئامانج.

سەبارەت بە بێدەنگیی ڕایگشتی بەرامبەر بە تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا، دایە خۆخێ ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورک منداڵ دەکوژێت، سرووشت لەناو دەبات و پشتیوانی چەتەکانی داعش دەکات، بەڵام هەمووان لەبەرامبەر ئەم کارە چەپەڵانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگن، کۆمەڵگای ئێمە بەو جینۆسایدەدا تێپەڕیوە، کچ و ژنانی ئێمە هێشتا لە دەستی چەتەکاندان، بەشێکی زۆر لە منداڵەکانمان بەهۆی ئەو جینۆسایدەوە دایک و باوکیان ناناسن، عێڕاق ئێمە بە نایاسایی دەزانێت و بە هۆکاری جیاواز دەیەوێت قڕمان بکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هێرشە ئاسمانیانەی بۆ سەرمان دەکرێت، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئێمە لەسەر خاکی خۆمان، لەناو سنوورەکانی عێراق بەرگری لە خۆمان دەکەین، بەڵام ئەمە بە یاسایی نازانرێت!”

لە کۆتایشدا دایە خۆخێ وتى: دوژمن کۆمەڵگەی ئێمەی دابەش کرد، لە ئێستادا بەشێکیان لە شنگال دەژین و هەندێکیشیان لە کۆجبەریدا دەژین، ئەوان دەیانەوێت ناکۆکی لە نێوانماندا دروست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی پلانەکانیان لەسەر ئێمە جێبەجێ بکەن، پێویستە گەلەکەمان وریا بێت و بزانێت هەموو هێرشەکان بە ئامانجی لەناوبردنی باوەڕمانە، هەرکەس دەیەوێت پشتیوانی گەلەکەمان بکات بۆ پاراستنی ئێزدییەکان، دەکرێتە ئامانج، لەمەوە تێدەگەین، کە ئەوان دەیانەوێت ئێزدییەکان لەناوببەن، داوا لە گەلەکەمان دەکەین نەکەونە داوی دوژمنەوە، ئەگەر ئێمە یەکگرتوو نەبین نەگەڕیینەوە سەر خاکی خۆمان، دوژمن لەناومان دەبات، چاوی ​​دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی عێراقە.

ب. ق

Comments are closed.