محەمەد عەباس بارام.. ئەو هونەرمەندەی هیچ بەربەستێک هونەرەکەی نەوەستاند

بڕوا ئەسعەد

لە تەمەنێکی کەمی منداڵیدا خۆی دەگەیەنێتە پایتەختی عێراق، لەوێوە دەست بە کاروانە پڕ لە گەشت و هونەرییەکانی دەکات و دەبێت بە مامۆستای پیانۆ، گۆرانی دەچڕێت و خەیاڵەکانی دەکات بە هۆنراوە و نۆتەکانی مۆسیقا لە سەر وشەکانی دا ئەنێت.

ئەو ڕەتیدەکاتەوە دژی گەلەکەی بووەستێتەوە، بۆیە ئەمەش ناچار بە جێهێشتنی وڵاتی دەکات، کاروانەکەی ناوەستێت و بەردەوام دەبێت، هێشتا بە ڕۆحێتێکی گەنجەوە گۆرانی بۆ ئەوین و نیشتیمان دەڵێت، ئەو هونەرمەندەش محەمەد عەباس بارامە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لە گەڵ ڕۆژنیوز، محەمەد عەباس بارام بەشێکی زۆر لە سەر گووزەشتەکانی ژیانی لە گەڵ وەرگرانی ڕۆژنیوز بەش دەکات.

ڕۆژنیوز: ژیانی منداڵیت لە کەرکووک چۆن تێپەڕکرد؟

محەمەد عەباس بارام: لە ساڵی ١٩٥٢، لە تەپەی مەلا عەبدووڵا لە دایکبوومە، لە بەر ئەوەی دایکی خۆم شیری نەبوو، ١٥ دایکم هەیە، ئێمە لە گەڕەکی ئازادیی گەورەبووین، لە گەڵ پێشمەرگە و شۆڕشگێڕەکانی ئەوکاتە گەورە بووین، هەر لە منداڵییەوە خولیای شیعر و ئەدەبم هەبوو، لە تەمەنی پێنج ساڵی چوومە بەر خوێندن لە گەڕەکی ئیمام قاسم، ئیتر لەو کاتەوە گوێمان لە ڕادێۆی کرماشان دەگرت، لە پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم، بۆ یەکەم جار گۆرانی سوورە گوڵم وت،هۆنراوەکەی هاوڕێیەکم نوسیبووی، هەرخۆشم ئاوازەکەیم دانا، هەر هەمان گۆرانی لەشەستەکان، لە ڕادیۆی کوردی بەغدا تۆمارم کرد.

ڕۆژنیوز: چۆن لەو سەردەمە گەیشتیت بە هونەرمەند عەلی مەردان؟

محەمەد عەباس بارام: ساڵی ١٩٧٢، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەرگیرام، هەمانکات تاقیکردنەوەی دەنگیشم ئەنجامدا، بۆ ئەوەی ببمە گۆرانیبێژ، مامۆستا عەلی مەردان لەوێبوو، من هەرگیز عەلی مەردانم نەبینیبوو، لێی پرسیم وتی چی گۆرانیەکت لە بەرە، وتم گۆرانیەکی عەلی مەردان، وتی ئەیناسیت، وتم نەوەڵا، ئیتر گۆرانی کۆڵان بە کۆڵانم بۆ وت، زۆری بە دڵ بوو، ئیتر لەو کاتەوە بووم بە گۆرانی بێژ، هەمانکاتیش خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم، زۆر دڵخۆش بووم، هەر هەمان ساڵیش بووم بە فەرمانبەر لە ئێزگەی دەنگی کوردی، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان پێنج ساڵ پیانۆم خوێند، دوو ساڵ دواتریش ئۆپێرام خوێند.

ڕۆژنیوز: نێوانت لە گەڵ هۆنراوە و ئەدەبیات چۆنە؟

محەمەد عەباس بارام: حەزێکی ناخی خۆم بوو حەزم لە هونەر و گۆرانی و ئەدەبیات دەکرد، بێگوومان هاوڕێکانم یارمەتیدەرم بوون، چوونکە من کوردیم نەخوێندبوو، تەنانەت نووسینی شیعریش لە شیعرەکانی گۆران و هەردی و وەفاییەوە فێربووم، بەڵام ئاواز دانان بەهرەیەکی خوایی بوو، هەموو کاتیش هەوڵمداوە مافی شاعیر بپارێزم و لە گۆرانیەکەدا حەق بە شیعرەکانیان بدەم، هەتا ئێستا ئەو بەرهەمانەی هەمە و تۆمارمکردووە، ٣٠ گۆرانیە، ئەوانەی کە لە ئێزگەی کورد بەغدا و فێستیڤاڵە جیهانیەکان تۆمارم کردووە، وەکوو فێستیڤاڵی لەندەن و ئەمەریکا و دانیمارک، لە هەموو فێستیڤاڵەکان جگە لە گۆرانیە تازەکان، هەمیشە داوای گۆرانی ئاگرێکی بێ خۆڵەمێشم لێ دەکەنەوە، هەمیشە سەرکەوتووبوومە، لە بەر ئەوەی بۆ پارە گۆرانیم نەوتووە تەنها بە سوپاس وتوومە.

ڕۆژنیوز: هەتا کەی لە بەغدا مایتەوە؟

محەمەد عەباس بارام: بە هۆی ئەوەی خۆم فەرمانبەر بووم لە ئیزگەی کوردی بەغدا، هەلێکی باشبوو بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە هونەرەکەم بدەم، مامۆستا عەلی مەردان زۆر هاوکارم بوو، هەمانکات مامۆستا هێمن موکریانی شاعیریش لەوێ بوو، ئەگەر شیعرێکی زۆر باش و جوان نەبووایە نەیدەهێشت بڵاوبێتەوە، بەڵام دواتر بە هۆی ئەوەی بەعسی نەبووم لە ڕاگەیاندن دەرکرام، دوای ساڵانێک لە سەر ڕاسپاردەی مام جەلال، بەرەو تاران بەڕێکەوتم، لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەستگیرام لە سەر زۆرێک لە ئەرشیەفەکانم، دواتر سەردانی نوسنیگەی ڕەفسەنجانیم کرد، لە ساڵی ١٩٨٢، پێموتن جیاوازی ئێوە و سەدام حسێن چییە، چوونکە لە عێراق ویستیان بمسڕنەوە، ئەگەر ئێوەش بتانەوێت بمسڕنەوە، جیاوازی ئێوە و ئەوان چییە، کەلووپەلەکانم وەرگرتەوە، کامێرایەک و فلاشێکیان بۆم نەگەڕانەوە، دوای ئەو ڕووداوانە، ئێرانم بەرەو ئەوروپا بە جێهێشت.

ڕۆژنیوز: لە دەرەوەی وڵات چۆن پەرەت بە کارەکانت دا؟

محەمەد عەباس بارام: لە لەندەن یەکەم سیدیم تۆمارکرد ساڵی ١٩٩٩، بە ناوی کاروان و سنوور، شەش گۆرانی و مەقامێک بوو، گەڕامەوە بۆ سوریا و سیدیەکەم پێشکەش بە مام جەلال کرد، لەوێش چاومکەوت بە هونەرمەندی گەورەی کورد سەعید یوسف، دواتر چووم بەرەو عەممان لە ئوردن، کۆمەڵەیەکی کوردییان هەبوو لەوێ، یانەیەکیان هەبوو بە ناوی سەڵاحەدین، پێموتن دەتوانم بە وتنەوەی وانەکانی هونەر و مێژووی کوردستان و سیاسەتی کوردستان و مێژووی ژنی کورد و تواناکانی خزمەتتان بکەم، زۆر خۆشحاڵبوون و بە تایبەت داوایان کرد فێری زمانی کوردییان بکەم، ئیتر دەستم کرد بە وتنەوە وانەکان، هاوژینەکەشم لەوێ ناسی کە بە ڕەچەڵەک کوردی زازایە، ئێستاش بووە بە ڕۆح و گیانم.

ڕۆژنیوز: پلانت هەیە بۆ کاری نوێی هونەری؟

محەمەد عەباس بارام: لە گەڵ هونەرمەند حەسەن غەریب، چاوێک بە هۆنراوەکاندا دەخشێنین، هەروەها چەند ئاوازێکی جوان دابنێین پێکەوە، بە ئومێدم بتوانین کارێکی جوان پێکەوە بکەین، هەتا ئەو شوێنەی بتوانین کاری جوان دەکەین، هەر خۆشم هۆنراوەی باشم هەیە، زیاتر لە ١٧٠٠ هۆنراوەم هەیە، بە نیازم لە داهاتوودا بیکەم بە دیوانێک، هاوکات کتێبێکیشم هەیە بە ناوی ‘چۆن مرۆڤ بێ مامۆستا خۆی فێری پیانۆ بکات’ بە چوار زمان چاپکراوە.

ڕؤژنیوز: چەند گرنگە هونەرمەند لە خەمی وڵاتەکەیدابێت؟

محەمەد عەباس بارام وتی: هونەرمەند نابێت بە باڵوێزی وڵاتەکەی ئەگەر خزمەتکاری گەل و وڵاتەکەی خۆی نەبێت، هەرچییەک بە هوونەر بکرێت لە خزمەت وڵاتەکەماندا ئەنجامی دەدەین، چوونکە گەلی کورد، گەلێکی ئاسایی نییە، ببینە چەند زاراوەمان هەیە، دووژمنیش پێش هەموو شتێک هەوڵ دەدات کولتوورەکەت لە ناو ببات، هونەرەکەت بسڕێتەوە، زمانەکەت بخنکێنێت، بەڵام دووژمن هەرگیز ئەوەی بۆ ناکرێت، ئەگەر ڕخنەیەکیش لە خۆمان بگرین ئەوەیە ئێمە گەلێکین پشتگیری یەکتر ناکەین، ئەگەر پشتیوانی یەکتر بکەین، سۆز و خۆشەویستیمان هەبێت و وەکوو چەپکە گوڵێک بژین، ئەو کات دەتوانین بگەین بە سەربەخۆیی، لە بەر ئەوەی هونەرمان بەهێزە، هۆنراوە و موزیکمان بەهێزە، کولتوور و جلووبەرگ و ئاینمان بەهێزە.

هـ.ح

Comments are closed.