سۆران عومەر: هەرێم نەوتی بە کەمتر لە نرخی سۆمۆ فرۆشتووەتە تورکیا

ناوەندی هەواڵەکان

سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، هەرێم لە سێ مانگدا (٣٢) ملیۆن بەرمیل نەوتی بە ٦٠٠ ملیار دینار، کە دەکاتە کەمتر لە نرخی سۆمۆ فرۆشتووەتە تورکیا، دوو ترلیۆن دیناریشی بەناوی خەرجییەوە لەناوداوە و تەنها ٩٠٠ ملیاری بۆ داهاتی گشتیی گەڕاندووەتەوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سۆران عومەر، لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، کە لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە،  فرۆشی نەوتی هەرێم لە سێ مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ دەخاتە ڕوو بە تورکیا و بازاڕەکانی ئەورووپا.

دەقی ڕاپۆرتەکەی سۆران عومەر:

بەپێی ڕاپۆرتی هاوبەشی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم: لە مانگەکانی (١،٢،٣ـی ساڵی ٢٠٢٣) بەپێی ئەو داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشکەشی کردووە (٣٢ ملیۆن و ١٩٤ ھەزار و ٤٢٦ بەرمیل نەوتی خاو)ـی ھەناردەی بەندەری جیھانی تورکی کردووە! بەڵام بەپێی بەڵگەکانی کۆمپانیای سۆمۆ (٣٢ ملیۆن و ٧٢٨ ھەزارو ٣٢٤ بەرمیل نەوت)ـی ھەناردە کردووە واتە (٥٣٣ ھەزارو ٨٩٨ بەرمیل نەوت) کەمتری حساب کردووە ھەرێم.

 فرۆشی بەرمیلێک نەوت لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بە بازاڕی ئەورووپا بۆ مانگی (١) بە (٦٦ دۆلار و ٥٥٩ سەنت) بووە، ھەمان مانگ سۆمۆ نەوتی لە ھەمان بەندەری جیھانەوە بە بازاڕی ئەورووپا فرۆشتووە بە (٨٢ دۆلار و ٧٧٧ سەنت) واتە ھەرێم ھەر بەرمیلێک نەوتی بە (١٦ دۆلار و ٢١٨ سەنت) کەمتر فرۆشتووە.

بۆ مانگی (٢) ھەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (٧٠ دۆلار) فرۆشتووە بەڵام سۆمۆ بە (٨٢ دۆلار و ٤٨٦ سەنت) فرۆشتووە واتە ھەرێم بە (١٢ دۆلار و ٤٨ سەنت) کەمتر بەرمیلێک نەوتی فرۆشتووە.

بۆ مانگی (٣) ھەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (٦٥ دۆلار و ٧٤٨ سەنت) فرۆشتووە، بەڵام سۆمۆ بەرمیلێکی بە (٧٨ دۆلارو ٥٦ سەنت) فرۆشتووە، واتە ھەرێم ھەر بەمیلێک نەوتی لە (١٢ دۆلار و ٨١٢ سەنت) کەمتر فرۆشتووە.

-بۆ مانگی (١) بە بڕی ١٨٧ ملیۆن دۆلار نەوتی بە کەمتر فرۆشتووە.

-بۆ مانگی (٢) بە ١٥٠ ملیۆن دۆلار نەوتی بە کەمتر فرۆشتووە.

– بۆ مانگی (٣) بە ١٠٩ ملیۆن دۆلار نەوتی بە کەمتر فرۆشتووە.

بەراوردی نرخی سۆمۆ، بەکۆی گشتی نەوتی ئەو سێ مانگەی کەمتر بە ٤٤٦ ملیۆن دۆلار فرشتووە کەدەکاتە نزیک بە ٦٠٠ ملیار دینار.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو ترلیۆن دیناریشی بە ناوی خەرجییەوە لەناوداوە و تەنها ٩٠٠ ملیاری بۆ داهاتی گشتیی گەڕاندووەتەوە.

ب.گ

Comments are closed.