پزیشکانی سلێمانی: پڕۆژەی”هەژماری من” ڕەتدەکەینەوە و متمانەمان بەحکومەتی هەرێم نییە

سلێمانی

پزیشکانی نەخۆشخانەکانی شار مانگرتنیان لە کارکردن   ڕاگەیاند، پڕۆژەی “هەژماری من” ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن: پڕۆژەکە بەرهەمی ئەو دەسەڵاتەیە کە مووچەی مووچە خۆرانی خواردووە، جەختیش دەکەنەوە، ئۆباڵی هەر ئەگەرێک دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان.

بەشێک لە پزیشکان سەبارەت بە “هەژماری من” و خراپی دۆخی گوزەرانیان، باس لەوە دەکەن، حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم  متمانەی هاوڵاتییانی لەدەستداوە، بە پێنەدان و دواخستنی مووچەکانیان، ئەمەش بووە بە هۆکاری درووست بوونی بارگرانیەکی زۆر بۆ سەر شانیان.

سۆران سەرمەد
سۆران سەرمەد

سۆران سەرمەد، یەکێکە لەو پزیشکە مانگرتوانەی نەخۆشخانەی شار، لەبارەی دۆخی ژیان و گوزەرانیانەوە ڕایگەیاند: داواکاری ئێمە بریتیە لە پێدانی مووچەکانمان لە کاتی خۆیدا، چونکە تا ئێستا  ئێمە بەردەوام بووین لە کارکردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانمان، مافی خۆمانە داوای شایستە داراییەکانی خۆمان بکەین و لە کاتی خۆیدا پێمان بدرێت، دەشڵێت: نزیکەی پێنج ساڵە دامەزراوم و لەم پێنج ساڵەشدا ١٦ مووچەم فەوتاوە.

سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من ئەو پزیشکە وتیشی: ئئێمە پڕۆسەی هەژماری من ڕەتدەکەینەوە و گوماندەکەین کە پلانی دیکە هەبێت لە پشتی پڕۆژەی هەژماری منەوە، کە بەردەوامی بەم دۆخەی فەرمانبەران بدات کە ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە وەرنەگرین، لەبەر ئەوە ئێمە متمانەمان بە حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم نەماوە، شایستە داراییەکانمان لە بەغداوە بەڵام دابەش ناکرێت و نازانین بۆ چی تا ئێستا دابەش نەکراوە.

دارۆ هادی
دارۆ هادی

هاوکات دارۆ هادی، پزیشکێکی دیکەی دامەزراوە سەبارەت بە هۆکاری مانگرتنیان لە کارکردن دەڵێت: وەک پزیشکانی گەنجی سنووری پارێزگای سلێمانی، کە پێک دێین لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو، دێرین، پلەبەند، ئەمڕۆ کۆبوونەیەکمان ئەنجامدا بە بۆنەی گەیاندنی هەڵوێستی خۆمان بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەکانمان بۆ ماوەی ٥٤ ڕۆژە، ئەمە لە کاتێکدایە سێ مانگی ساڵی ڕابردووش مووچەکانمان پێ نەدراوە.

ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد، بێگوومان هەژماری من، کە لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە ڕاگەیەندراوە، بریتیە لەو سەرکوتکردنەی حکومەت بەرامبەر بە مووچە خۆران، لە کاتێکدا هەموومان دەزانین چەند مانگە شایستە داراییەکانمان دواکەوتووە، ئێمە پێمانوایە پڕۆژەی هەژماری من، دەبێتە هۆکاری ئەوەی، کە زیاتر شایستە داراییەکانی مووچەخۆران دوادەکەوێت و ئەم پڕۆژەیە زیاتر مووچەخۆران دەخاتە سەختییەوە.

وتیشی: ئێمە پڕۆژەی هەژماری من، بە بانکێکی ئەهلی( تایبەتی) دەیبینین، کە حکومەتی عێراقیش ئەم پڕۆژەیەی ڕەتکردووەتەوە، ئێمەش پڕۆژەی هەژماری من، ڕەتدەکەینەوە بەهۆکاری ناڕوونی و ئاڕاستە کردنی لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە.

بێستان ڕاستی
بێستان ڕاستی

بێستان ڕاستی، یەکێکی دیکەیە لە پزیشکە مانگرتووەکان، سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من وتی: ئێمە هیچ باوەڕمان بە پڕۆژەی هەژماری من نییە، چونکە ئەو حکومەتە بەڕێوەی دەبات، کە چەندین ساڵە ئێمە و موچەخۆرانی چەوساندوەتەوە، بەو شێوەیە مووچە دابەشدەکات، کە ئێستا دەیبینین، چیتر متمانە بە حکومەتێک ناکەین، کە بەم شێوازە مووچە دابەش بکات، دەمانەوێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی عێراقەوە موچەکانمان بە دەست بگات.

بێستان ڕاستی ڕوونیشیکردەوە، باروودۆخی هاوڵاتییان ئاشکرایە و شتێک نییە جێگای گومان بێت، خەڵک چیتر تەحەمولی(توانای) نەماوە ناتوانێت بەو شێوازە ژیان بکات، ئێمە تازە دادەمەزرێین، بەڵام چەندین ساڵە دایک و باوکمان دەبینین لەم دۆخەدان و بەم شێوازە مووچە وەردەگرن مانگێک وەری دەگرن و سێ مانگ وەری ناگرن، یانی ژیانیش بەم شێوەیە ناکرێت و ژیانیش لە هیچ وڵاتیکدا بەم شێوەیە نیە.

لە بارەی هۆکاری مانگرتنیان ئەو دکتۆرە وتیشی: ئەوەی ئێمە کردوومانە بڕیارێکی قورسە کە دەکرێت ئەو شوێنەی چۆڵی دەکەین کەسێکی نزیکی خۆم بگاتە حاڵەتێکی بەپەلە بەڕاستی کە ئەمە زۆر بابەتێکی هەستیارە، ئێمەش ناچارین و گەشتووینەتە حاڵەتێک، وەک هەر فەرمانبەرێکی دیکە ئێمەش پێویستمان بە مووچەیە تا بتوانین دەوام بکەین و خزمەتی خەڵک بکەین، چوونە دەرەوەی شار کە پێویستە خۆمان خەرجیەکەی بکەین.

رۆژی ٢١ـی مانگى ڕابردوو دادگای فیدراڵی، له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایەک بڕیاریدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، بخرێته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی بانكه‌ فیدراڵییه‌كان، هەروەها جێگەى ئاماژەیە حکومەتى ماوە بەسەرچووى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى پڕۆژەى هەژمارى من، کە بانکەکە لەلایەن مەسرور بارزانى خاوەندارى دەکرێت عێراق مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دابەش بکات، بەڵام عێراق ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.