تا دێت ژمارەی قوربانییەكانی غەزە بەرز دەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی ناوچەكەی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٢ هەزار و ٤٩٠ هاوڵاتیی غەزە كوژراون و ٧٤ هەزار ٨٨٩ كەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندرووستیی غەزە و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی غەزە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٢ هەزار و ٤٩٠ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٤ هەزار و ٨٨٩ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٧٦ كەس لە غەزە كوژراون و ١٠٢ـی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٧٣ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەزە بەبێ چارەسەرن.

لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئـ

Comments are closed.