لە سلێمانی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بەرز ڕاگیرا

سلێمانی

بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی شانۆ، لە درێژەی چالاکییەکانی هەفتەی ڕۆشنیریی، لە شاری سلێمانی مەڕاسیمێکی تایبەت بۆ ئەو یادە ڕێکخرا و شانۆگەرییەکیش نمایش کرا.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی لە شاری سلێمانی، لە درێژەی چالاکییەکانی هەفتەی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی سلێمانی، بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی شانۆ، لەلایەن بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانییەوە، مەڕاسیمێک بۆ ئەو ڕۆژە ڕێکخرا و تێیدا خەڵاتی ڕێزلێنان بە سەر چەند شانۆکارێکدا دابەش کرا.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا لەلایەن نیشتمان عەبدوڵا لێپرسراوی، بەڕێوەبەری بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەدا، شانۆ ئەو پەیامە مرۆڤایەتییەیە کە دەدرێت بە ڕووی جیهاندا هیوادارم هۆڵی شانۆکانمان چۆڵ نەبن تەنیا ڕۆژێک بەس نییە بۆ ئەم یادە مەزنە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوکارییەکان بۆ شانۆکار کەمە، شانۆ کاری یەکەمی هیچ هونەرمەندێك نییە، لەم هەرێمە کاری دووەم و سێیەمە، هەروەها هۆڵەکانی شانۆمان کەمە، بەردەوام لە هۆڵی ڕۆشنبیریی چالاکییەکانمان دەکەین، شانۆکاران بێبەش نین لەم قەیرانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئێمەش بەشێکین لەم هەرێمە.

دواتر لەلایەن گرووپی بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانییەوە، شانۆگەرییەکی تایبەت بەم ڕۆژە نمایش کرا.

لەبارەی ڕۆژی جیهانی شانۆوە، دڵنیا محەمەد ئەکتەر بە ڕۆژنیوزی وت: لەم هەرێمەدا بەربەست زۆرە بۆ شانۆکار و هونەرمەند، شانۆکاران بەردەوام گرفتی سپۆنسەریان هەیە بە گرفت و کێشەوە شانۆگەرییەکانیان ئەنجام دەدەن، سەرباری ئەوەش بە دڵسۆزی کاری خۆیان دەکەن.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا، سالار ماهیر شانۆکار ڕایگەیاند، ڕۆژی جیهانیی شانۆ پیرۆز دەکەم لە هەموو شانۆکاران و ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی هونەری شانۆ خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشیم، ئەرکی سەرشانم قورستر بووە و دەبێت زیاتر کارابم.

ب.گ

Comments are closed.