ڕاوێژکارێکی سوودانى: نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت و بازاڕ سەقامگیر دەبێت

ناوەندی هەواڵەکان

ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشبینی زیاتر دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دەكات و دەڵێت: بانکی ناوەندی هەنگاوی دیکەشی ماوە بیگرێتە بەر، بەوەش نرخی دۆلار لە ماوەی داهاتوودا زیاتر دادەبەزێت و سەقامگیری بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە.

فادی شەمەری، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانى ڕاگەیاندووە: بەهۆی ئەو ڕێکاریانەى، کە بانکی ناوەندی گرتوویەتییە بەر نرخی دۆلار ڕووی لە دابەزینی زیاترە و لەبەردەم خواست و خستنەڕوودایە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لەئێستادا ٧٠%ی بازرگانانی عێراق مامەڵە لەگەڵ سەكۆی ئەلیكترۆنی دەكەن، لەكاتێكدا پێشتر تەنها ١٠% بوو، ئەوەش ڕێژەیەکی بەرچاوە لەماوەی چەندین مانگی ڕابردوو.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانى عێراق جەختیکردووەتەوە، بانکی ناوەندی هەنگاوی دیکەشی ماوە بیگرێتە بەر، بەوەش نرخی دۆلار لە ماوەی داهاتوودا زیاتر دادەبەزێت و سەقامگیری بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە.

لە ساڵی ڕابردوودا تا سەرەتای ئەمساڵ، نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، نرخی ١٠٠ دۆلار ١٦٠ هەزار دیناری تێپەڕاند، دواتر بانکی ناوەندی چەندین ڕێکاری و بڕیاری دەرکرد بۆ دابەزاندنى نرخی دۆلار تا گەیشتە ئەم ئاستەى ئێستا.

هـ.ح

Comments are closed.