عێراق ٣٦ بەنداوی گلدانەوەى ئاو لە عێراق و هەرێم درووست دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

بەرێوەبەری دەستەی گشتیی بۆ بەنداوەکان و کۆگا کردن لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق ڕایگەیاند، پلانمان هەیە دەیان بەنداوی نوێ بۆ گلدانەوەی ئاو لە عێراق و هەرێم درووست بکەین بە مەبەستى ڕێگری کردن لە وشکەساڵی و قەیرانی ئاو لە وڵاتەکەمان، ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق وتى، پێویستمان بە بەنداوی نوێ نییە.

عەلی ڕازی، بەرێوەبەری دەستەی  گشتیی بۆ بەنداوەکان و کۆگاکردن لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق لەبارەى درووست کردنى چەندین بەنداوى نوێ لە عێراق و هەرێمى کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا عەلی ڕازی دەڵێت: پلانی وەزارەتەکەمان بریتییە لە پێشنیار کردنی ٣٦جێگە، کە بۆ درووست کردنی بەنداوی ئاو لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان ئامادەکراون، کە لە عێراق و هەرێم جێبەجێ دەکرێن.

ئاماژەى بەوەشکردوە، یەکێک لەو بەنداوانە دراوە بە کۆمپانیایەکی حکومی بە مەبەستی دەستپێکردنی کارەکانی بۆ درووستکردنی.

بەرپرسەکەى وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕوونیشی کردەوە، دیزاین و پلانی درووست کردنی سێ بەنداو لە کەربەلا و نەینەوا و سەماوە تەواوکراوە و نێردراوە بۆ وەزارەتی پلاندانان بە مەبەستی جێبەجێ کردنی.

سەبارەت بە ئاستى بارانبارینى ئەمساڵیش ئەو بەرپرسە عێراقییە جەختی کردووەتەوە، شەپۆلی چەند ڕۆژى ڕابردووی بارانبارین کاریگەری باشی هەبووە لەسەر زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکان.

لە کۆتاییشدا عەلی ڕازی باسی لەوە کردووە، لە ١٠%ئاستی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکان زیادی کردووە و هەروەها، بەنداوەکانی موسڵ و دووکان و دەربەندیخان و حەمرین لە ئاستێکی زۆر باشدان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ عەون زیاب وەزیری سامانە ئاوییەكانی عێراق وتی وڵاتەکەمان پێویستی بە درووستكردنی بەنداوی نوێ نییە و ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ قەبارەی یەدەگی ئاو بە ڕێژەی چوار ملیار مەتر سێجا زیادیی کردووە.

هـ.ح

Comments are closed.