حووسییەكان هۆشداری دەدەنە ئەمریكا و بەریتانیا

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی بزووتنەوەی حووسییەكانی یەمەن ڕایگەیاند، هۆشداری دەدەنە ئەمریكا و بەریتانیا لە ئەنجامدانی هەر هێرشێكی زەمینی بۆ سەر یەمەن، دەشڵێت: تاكە چارەسەر بۆ وەستاندنی هێرشەكانی حووسییەكان بریتییە لە وەستاندنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و لادانی گەمارۆی سەر هاوڵاتییانی غەزە.

عەبدول مەلیك بەدردین حووسی، سەرۆكی بزووتنەوەی حووسییەكانی یەمەن لە بارەی هێرشەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن و هۆشدارییان بۆ ئەو دوو وڵاتە، وتارێكی بڵاوكردەوە.

عەبدول مەلیك بەدردین حووسی ڕایگەیاند، هۆشداری دەدەنە ئەمریكا و بەریتانیا لە ئەنجامدانی  هەر هێرشێكی زەمینی بۆ سەر یەمەن، ئەمریكا بە نیازە سێ شوێنی حووسییەكان لە یەمەن بە ئامانج بگرێت، هەروەها هێزی دەریایی ئەمریكا لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە زەلیلییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، تاكە چارەسەر بۆ وەستاندنی هێرشەكانی حووسییەكان بریتییە لە وەستاندنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و لادانی گەمارۆی سەر هاوڵاتییانی غەزە، پشتیوانی ئەمریكا لە تاوانەكانی ئیسرائیل واتای دەستدرێژییە سەر وڵاتەكەیان.

سەرۆكی بزووتنەوەی حووسییەكانی یەمەن باسی لەوەشكرد، ئەمریكییەكان بەرەو درێژەدان بە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتەكەمان دەڕۆن، هێرشەكانی ئەم هەفتەیەی دوژمن شكستخواردوو بوون، ناتوانن تواناكانی ئێمە سنووردار بكەن و كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكەمان هەبێت.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریایی سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج.

هـ.ئ

Comments are closed.