پەرلەمانتارێک: هیچ قەیرانێکی دارایی لە عێراق نییە و مووچە گەرەنتیکراوە

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ قەیرانێکی دارایی لە عێراقدا نییە و دابینکردنی مووچە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دا گەرەنتی کراوە.

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ  ئاژانسی هەواڵی عێراق سەبارەت بە قەیرانى دارایی و مووچە لە عێراق قسەى کردوە.

عەتوانی ڕاگەیاندووە، لیژنەی دارایی چاوەڕوانی گەیشتنی خشتەکانی بودجەی گشتیی ئەمساڵە بۆ پەرلەمان لەلایەن حکومەتەوە بەمەبەستی پەسەندکردن و جێبەجێ کردنی پلانەکانی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری لە کەرتە جیاوازەکاندا.

سەرۆکی لیژنەى دارایی دڵنیایی دەدات لەوەى کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەتەواوەتی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دا جێگیر و گەرەنتیکراوە.

سەبارەت بە سەرهەڵدانی قەیرانى دارایی لە عێراق سەرۆکی لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق جەختیکردەوە، ئێستا عێراق لە دۆخێکی دارایی جێگیردایە و هیچ قەیرانێکی دارایی له‌ وڵاتدا بوونی نییە.

ئەم وتانەى عەتوانى لە کاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتار و شرۆڤەکاری ئابووری هۆشداریان دا لە سەرهەڵدانى قەیرانێکی دارایی لە عێراق بەهۆی بەردەوامى گەندەڵی و سپیکردنەوەى پارە و دابەزینى نرخی نەوت و چەندین هۆکاری دیکەیان باسکردوە.

هـ.ح

Comments are closed.