لە عێراق سەیرترین شێوازی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر ئاشكرا دەکرێت

ناوەندی هەواڵەكان

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بڵاوی كردەوە، سەیرترین شێوازی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەریان ئاشكرا كرد، كە بازرگانەکان ماددە هۆشبەریان لەناو گوێزدا شاردوەتەوە، هەروەها توانیویانە ١١ بازرگانی ماددەی هۆشبەریش دەستگیر بكەن لە شارەكانی(بەسرە، بەغدا، دیوانیە، و كوت).

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە بارەی ئاشكراكردنی سەیرترین شێوازی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر و دەستگیركردنی چەند بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانیویانە سەیرترین شێوازەكانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان ئاشكرا بكەن، هەروەها ١١ بازرگانی ماددەی هۆشبەریشان لە شارەكانی(بەسرە، بەغدا، دیوانیە، و كوت) دەستگیر كردووە، كە پەیوەندیان پێكەوە هەبووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەسەرەتادا هێزەكانیان توانییان ئەندامێكی باندەكە بە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەستگیربكەن، كە ئەركی سەرەكی‌ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانە لە نێوان پارێزگاكاندا، دواتر تۆمەتبارەكانی تر دەستگیركران.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، هێزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەردا گرتووە، كە لەناو گوێزدا شاردراونەتەوە، ئەمەش یەكێكە لە سەیرترین شێوازەكانی شاردنەوەی‌ ماددەی هۆشبەرە کە لە عێراق دۆزرابێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.