پەرتووکەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە خوێندنگاکانی ئەرمینیا خوێندنەوەیان بۆ کرا

ناوەندی هەواڵەکان

پەرتووکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە وەرگێڕدراون بۆ زمانی ئەرمەنی، لە خوێندنگەی پەروەردەیی مختار سیباساتسی یەریڤان بە خوێندکاران ناسێندرا و خوێندنەوەی بۆ کرا.

لە خوێندنگەی پەروەردەیی مختار سیباساتسی یەریڤانی ئەرمینیا، پەرتووکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەناوی “شارستانییەت، سەردەمی خوداوەندە دەمامکدارەکان و پاشا داپۆشراوەکان” کە بەم دواییە وەرگێڕاوە بۆ زمانی ئەرمەنی بە خوێندکاران ناسێنرا و خوێندنەوەی بۆ کرا.

مامۆستایان و دەیان خوێندکار لە مەڕاسیمەکەدا ئامادەبوون، مێژوونووس ئارمەن ڤۆسکانیان، هاوسەرۆکی کۆمیتەی کوردستان سیلۆ دربۆیان و ڕۆژنامەوان لیانا میهۆیان، لە مەڕاسیمەکەدا وتاریان پێشکەش کرد.

ئارمەن ڤۆسکانیان ڕایگەیاند، دەمێکە خوازیارە ئەم پەرتووکە وەربگێڕێت بۆ زمانی ئەرمەنی، ئاماژەی بەوە کرد ئەم پەرتووکە لە هەلومەرجی سەختی گۆشەگیریدا نووسراوە و زۆر بەنرخە، ئەم پەرتووکانە لە پێنج بەرگ پێکدێت، بەرهەمی لێکۆڵینەوە و خەباتێکی بەرفراوانە.

ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای ئەوەی ٢٠ ساڵ تێپەڕیوە هێشتا پێشبینی جدی تێدایە و کاتێک خوێندمەوە باوەڕم نەکرد ٢٠ ساڵ پێشتر نووسراوە و وتی: “پێشبینییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان یەک بە یەک دێنەدی، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەرچەنە لە زیندانە، بەڵام بە پەرتووکەکانی فیکر و فەلسەفەی خۆی گەیاندووەتە هەموو جیهان.

هەروەها ڕۆژنامەوان لیانا میهۆیان ڕایگەیاند، پردێکی پەیوەندی لەنێوان کورد و ئەرمەنییەکان دروستبووە، ئەم پەیوەندییە لە سایەی ئەم پەرتووکەی عەبدوڵا ئۆجالان و فەلسەفەکەی بە گشتیی، بەهێزتر دەبێت.

هاوسەرۆکی کۆمیتەی کوردستان سیلۆ دربۆیان لەسەر پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوا و ڕایگەیاند سیستەمێکی کۆنفیدراڵی ئافراندووە و ئەم سیستەمە لای هەموو بندەستان و خوازیارانی یەکسانیی و دادپەروەریی قبووڵ کراوە، ئێستەش گەلان دەیانەوێت خۆیان لە قەیرانەکانی سەرمایەداری ڕزگار بکەن و ژیانێکی ئازاد بژین.

لەکۆتایی چالاکییەکەدا پەرتووکی “شارستانییەت، سەردەمی خوداوەندە دەمامکدارەکان و پاشا داپۆشراوەکان” بە دیاری بەخشرایە خوێندکاران.

ب.گ

Comments are closed.