ئەنفال برینێکی ساڕێژ نەبوو.. هەوڵێکی بەردەوام بۆ قڕکردنی کورد

ناوەندی هەواڵەکان

ئەنفال تاوانێکی هەرە گەورەی مرۆڤایەتییە و وەک جینۆسایدێک لە بیرو هزری هیچ کوردێک ناچێتەوە، چونکە پاشماوە و ئازارەکانى ئەو تاوانە هێشتا لەناویاندا دەژین و تاوانێکیشە بەردەوام لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە شێوازی جۆراو جۆر دووبارە دەکرێتەوە.

 ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی ئەنفالدا، كە پڕۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی ڕژێمی بەعسی فاشیست بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی كورد و لەناوبردنی هەموو ئاسەوارێکی کوردبوون لە باشووری کوردستان، ئەگەرچی ئەمە تاوانێکە و لەمێژوودا تۆمار کراوە و کورد هەر بەدەست ئازارەکانییەوە دەتلێتەوە، بەڵام بکەرە سەرەکییەکانى ئەو تاوانە مرۆڤایەتییە خرانە قەفەسی زیندانەوە و بە سزای خۆیان گەیشتن و ملیان کرا بە پەتەوە، ئەوەش کەمێک ئارامی و فێنکایی بە دڵی هەموو کوردێک بەخشی.

سەرەتاکانی شاڵاوى ئەنفال

ئەنفال بەر لە هەشت قۆناغەکە، لە سەرەتادا بە تەعریب کردنى گوندەکانى دەوروبەرى سنووری پارێزگای کەرکووک و دیالە و نەینەوا لە دوای ساڵى ١٩٦٣ دەستى پێکرد و دواتر ڕاگواستن و بێسەروشوێن کردنى کوردانى فەیلى لە ساڵانى ١٩٧٠ و ١٩٨٠ کان درێژەى کێشا، بەڵام ئەم سیاسەتی قڕکردنە لیرەدا کۆتایی نەهات.

ڕژێمەکەى سەدام حسێن چوار هەزار و ٥٠٠ گوند لەنێوان ساڵەکانى ١٩٧٦ و ١٩٨٨ خاپور کرد و  لەگەڵ تێکدانى ژێرخانى کەرتى کشتوکاڵى باشووری کوردستان و لەناوبردنى کەلتور و ژیانى گوندنشینەکان، خانوو ماڵەکانى بەیەکجار سووتاند و دانیشتووانەکەشی لە ئۆردووگا زۆرەملێیەکاندا نیشتەجێ کرد، کە ئەمەش بەشی یەکەمی شاڵاوی ئەنفال بوو.
سەرەڕای جەنگێکی هەشت ساڵە لەگەڵ ڕژێمی ئێران، بەڵام  ڕژێمی بەعس بە سیاسەتێکی دوژمنانەتر لە پێشتر درێژەى بە تاوانەکانى خۆی بەرامبەر گەلی کورد دا و ئەمجارە تاوانی ئەنفالی لە هەشت قۆناغدا دەستپێکرد، سەرەتا هەشت هەزار کەسی لە بارزانییەکان لە ساڵى ١٩٨٣ ئەنفال کرد.

هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانى تاوانی ئەنفال، ڕژێمی بەعس لە لەناوەڕاست و کۆتایی ساڵی هەشتاکان، کەوتە بەکارهێنانى چەکی کمیایی لە دژی گەلی کورد و لە باشووری کوردستان چەندین ناوچەى کیمیاباران کرد، بەنموونەش کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و دۆڵی جافایەتى و دۆڵی بالیسان و سێە سێنان و چەند ناوچەی دیکە.

لە هەموو ئەو کارەساتانەدا سەدان هەزار خەڵکى بێ تاوان لە ژن و منداڵ و پیاو گەنج بەهۆی کیمیاباران و ڕاگواستن و ئەنفالەوە گیانیان لەدەستدا و  بێسەروشوێن بوون و چەندین خانەوادە لەیەک دابڕان و چەندین کەس بەهۆى ئەوەوە تاوەکو ئێستا بەدەست نەخۆشیەوە دەناڵێنن، بەهۆی گەورەیی و فراوانی ئەو تاوانەوە تائێستا ئامارێکی ورد و ڕاست لەبەر دەست نییە سەبارەت بەوانەى گیانیان لەدەستداوەو بێسەرو شوێن بوون.

دوای کیمیاباران و ئەنجامدانی ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییە، ڕژێمەکەى سەدام حسێن بە هەموو قورسایی خۆییەوە دەستى بە شاڵاوی ئەنفال کرد لە ساڵی ١٩٨٨ وە دەستی پێکرد و بە هەشت قۆناغ ئەو جینۆسایدەى دژ بە گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئەنجامدا.

دەستپێکردنى پڕۆسەی ئەنفال

لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ـەوە ڕژێمی بەعس پڕۆسەی ئەنفالی بە سەرکردایەتی “عەلی حەسەن مەجید” دەستپێکرد و تیایدا ١٨٢ هەزار هاوڵاتیی مەدەنی کورد لە چەند ناوچەیەکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە سەدان گۆڕی بە کۆمەڵدا بە چاوبەستراوی زیندە بەچاڵ کران.

پڕۆسەی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حسێن و سەرپەرشتى عەلی حەسەن مەجید دەستیپێکرد، سەرەتا سەدام حسێن، پڕۆسەى ئەو کۆمەڵکوژییەى بە ناوی سورەتێکی قورئانەوە کە سوورەتى “الانفال” بوو ناو نا، لێرەوە کۆمەڵکووژیی لەژێر ناوی ئەو سورەتەوە دەستی پێکرد و ڕەوایەتی پێدرا، لەو کاتەدا پیاوانی ئاینى عێراق و وڵاتانى عەرەبی هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو.

قۆناغەکانی ئەنفال

ئەنفالی قۆناغی یەکەم:

ئەم قۆناغە لە تاوانى ئەنفال لە دۆڵی جافایەتییەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ٢١ی شوبات دەستی پێکرد و تا ١٨ی ئاداری ١٩٨٨ی خایاند، کە تێیدا گوندەکانی دۆڵی جافایەتی و ناوچەی شارباژێری گرتەوە و نزیکەى ٤٠ گوندی ئەو ناوچەیە وێرانکران و بە تەواوی چۆڵکران و لەلایەن سوپای بەعسەوە بە تاڵانبرا.

ئەنفالی قۆناغی دووەم:

قۆناغی دووەمی ئەنفال لە ناوچەی قەرەداغ لە ١٤ی ئادار دەستی پێکرد و تا ٢٢ی ئادار ١٩٨٨ی بەردەوام بوو، سەرەڕای کیمیابارانکردنى ناوچەکە، بەشێکی زۆر لە دانیشتوانى سنوورەکە و  ئەو کەسانەی ئاوارەی ناوچەکانی گەرمیان بوون لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکران و بەشێکی زۆریان بێسەرووشوێن کران.

هەر لەم قۆناغەدا هەزاران کەس کە لە شاروو گوندەکانى قەرەداغ و گەرمیان دەستگیر کرابوون ڕفێنران و خرانە زیندانی “نوگرەسەلمان” و بەهۆی تینویەتی و برسیەتیەوە بەشیکی هەرە زۆریان گیانیان لەدەستدا و بەشێکی دیکەشیان بە ئەشکەنجە و ڕەمی کردن و زیندە بەچاڵکردن لەناو بران.

ئەنفالی قۆناغی سێیەم:

 ئەمڕۆ ساڵیادی قۆناغی سێیەمی ئەو جینۆساید و تاوانە گەورەیە کە دژ بە گەلی باشووری کوردستان ئەنجامدرا، ئەم قۆناغە لە ٣١ی ئادارەوە دەستی پێکرد و  تا ١٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ خایاند، ئەم شاڵاوەی ئەنفال ناوچەکانی گەرمیانی گرتەوە.

قۆناغی سێیەمی ئەنفال بە گەورەترین و فراوانترین هێرشی ئەنفال دادەندرێت بۆ سەر کوردستان و تیایدا پێنج هەزار گوند خاپورکران و ٢٠ هەزار ژن و پیا و منداڵ ڕەوانەی سەربازگەی قۆڕەتو کران و ئەم پڕۆسەیەش لە ١٤ی نیساندا ئەنجامدرا، هەر بەهۆی ئەوەی فراوانی و گەورەیی قەبارەى تاوانی ئەنفال لەم قۆناغەدا کە زۆرترین هاوڵاتیی کورد بووە قوربانی، وەک رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دیاریکرا لە هەرێمی کوردستان.

قۆناغەکانى دیکەى ئەنفال لە مانگی نیسان و ئایار درێژەى کێشا و بەهەزاران کەسی دیکە لە هاوڵاتییانى باشووری کوردستان ئەنفالکران و بێسەر و شوێنکران.

ئێستا دەوڵەتى داگیرکەری تورک هەر جارە لە ژێر ناوێکدا درێژە بە سیاسەتى قڕکردنى گەلی کورد دەدات و بە چەکی کیمیایی و هەمووجۆرە چەکێک و بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک گەلی کورد لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا ئەنفال دەکات.

 ئەو ئامانجانەى کە ڕژێمی بەعس ئەنفالی لە پێناو دەکرد کە سڕینەوەى هەمیشەیی کورد و شوناس و کەلتورەکەی بوو، ئێستا دەوڵەتى تورک بۆ هەمان ئامانج شەو ڕۆژی خستووەتە سەر یەک، بەڵام ئەوەى گەریلاکانى تێکۆشانى ئازادیی بە فکر و فەلسەفەى ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەو ئامانجەى پوچەڵکردوەتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.