تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

عومەر محەمەد

زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لە ڕابوردووماندایە یان لە پێشمانە، ئایا دەکرا ئەنفال رونەدا؟ ئەمانە پرسیاری جەوهەری و جدین، چونکە بە بەڵێ و نەخێر وەڵام نادرێنەوە، پێویستیان بە تیڕامان و هەڵوەستە هەیە، هەندێک جار پرسیار لە وەڵام قوڵتر و قورسترە، بۆیە هەموو کەس ناتوانێت پرسیاری باش و بەسوود بکات. پرسیاری باشیش پێویستی بە وەڵامی باش هەیە، لەو حاڵەتەدا پرسیارلێکراویش ناتوانێ بە بەڵێ و نەخێر وەڵامبداتەوە، ئەگەر وای کرد کەواتە بە هەگبەیەکی بەتاڵەوە خۆی خستووەتە بەردەم پرسیاری قورس.

ئەوەی لە ئەنفالدا رویدا، بە هەموو پێوەرێک جێنۆساید بوو، هۆکارەکەشی هەر بەوەندە ڕون ناکرێتەوە بڵێین، کورد دەرگیری دەوڵەت و حزبێکی فاشی وەک بەعس بوو، بەڵکو دیوێکیشی ئەوەیە ئەوەی لە کوردستانیش لە دژی دەوڵەت و بەعسیەکان هەبوو، شۆرش نەبوو، تەنھا بزوتنەوەیەکی چەکداری ڕووت و پەتی بوو، شۆرش بێفیکر و بێ کلتور نابێ، شۆڕش ئەوەیە بە تەنیشت خەباتی چەکدارییەوە خەباتی کلتوریشی بەگەڕ خستبێ ژیاندۆست و ژینگە دۆست بێ و ئامانجی هوشیاری و شکۆمەندی بێت. شەڕکردن لەسەر پێگەی سیاسی هیچ نیە، ئەگەر ئامانج رزگار کردنی خەڵک نەبێت لە نەفامی، شۆڕش ئەوکاتە بەهای هەیە، کە شوێنکەوتووەکانی بە گورگان خواردوو نەدا و کۆمەڵگە لە گۆمی خوێن ھەڵنەکێشێ.

مرۆڤی بیرنەکەرەوە و پاسیف، سیاسی فاشیل و پۆست پەرست، بەگشتی مەرگدۆستە، هێندەی شانازی بە رووبەری فراوانی گۆڕستانەکان و ژمارەی شەهیدەکانیەوە دەکات هێندە و زیاتریش پشتی لە ئاوەدانی شارستانیەت و شکۆی زیندووەکانە، هێندەی بەمردووەکاندا هەڵدەڵێ بەو ئەندازەیەش زیندووەکان فەرامۆش دەکات.

ئەوەی لە کوردستان ڕوویدا ئەنجامەکەی بە بەرچاومانەوەیە، کوردستانی دوای ئەنفال (کوردستانی ئازاد؟!) بۆ جاشەکان و کۆنە بەعسیەکان بوو بەھەشت و بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دۆزەخ. کەواتە عێراقی فریدەم و کوردستانی ئازاد درۆیەکی گەورەبوو، ئەوەی ڕویدا ڕوخانی بەعس و ڕزگاربوونی عێراق و کوردستان بوو لە دەسەڵاتی سەدام نەک ئازادی، چونکە لە حزبی بەعس رزگاری بوو، بەڵام لە بەعسیزم و لە نەفامی رزگاری سیاسیەکانی دوای بەعس رزگاری نەبوو.

کوردستان و عێراق بووە، ژینگەیەکی لەبار بۆ مرۆڤی خۆشبەختی دەبەنگ، بۆسیاسی بێ فیکر و بێ حیکمەت، زانکۆکان پڕبوون لە بڕوانامەداری پۆشتە و بێ مەعرفە و مزگەوتەکان پڕبوون لە بانگخوازی جاهیل و هەوەسباز، بە تەنیشت سیاسیەکانەوە بوونە بازرگان سیاسیەکان، نیشتمان و هاونیشتمانی و ئەمانیش دین و بەرماڵ و ماڵی خودا دەفرۆشن.

یادی ئەنفال ئەگەر هۆشیاری دروست نەکات و مرۆڤ نەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی، کەواتە یادنیە و هەرچی بکەن و بڵێن لە نمایشێکی بێگیان زیاتر نییە. دەنا چۆن دەبێت جەلادێک و قوربانییەک پێکەوە بچن بۆ یادی ئەنفال و پێکەوە ماتەم بگێڕن بێ ئەوەی جەلاد خەجاڵەتی کێشابێ و داوای گەردن ئازایی لەقوربانی کردبێت؟ چۆن دەبێت زیندانیەکی نوگرەسەلمان پێکەوە بچنە ماڵی خواو پێکەوە داوای بەخشین لەخودا بکەن ؟ جا ئەوە لە مزگەوتی شارێک بێت یان لە حەج .. هێشتا دیمەنەکە بۆمن نامۆیە کە جەلاد و قوربانی پێکەوە لە نیشتمانێکدا بن بێ دادگایی و بێ لێپرسینەوە، بۆم پرسیارە دەربازبوویەکی گۆڕی بەکۆمەڵی بیابان لەگەڵ جەلادێکی بکوژی ئەو کۆمەڵکوژییە پێکەوە لەمەککەی پیرۆز ببن بە حاجی و پێکەوە و بەتەنیشت یەکەوە تەواف بکەن و لە یەزدان بپارێنەوە؟ ئەی خودا چۆن تەماشای ئەم دوو عەبدە دەکات و چۆن دوعایان وەردەگرێ ؟ باوەڕناکەم خوداش وەک سەرۆک و سیاسیەکان دوعای جەللاد قبوڵ بکا و دوعای قوربانی وەرنەگرێ.

ئاخر ژنێک لە دادگای باڵای تاوانەکان رۆژی ١١/١٠/٢٠٠٦ بە بەرچاوی ئێمە و سەرۆک و دەستەی دادوەری و پارێزەرانەوە شایەتی داو وتی : لە تۆپزاوا ئەفسەرێک بەناوی حسێن حللانی هاتە ناو هۆڵەکەمانەوەو بە کچێکی وت وەرە دەرەوە، کچەکە وەڵامی نەدایەوە، ئینجا خێراخێرا قۆڵی ڕادەکێشاو دەیگوت : وەرە دەرەوە تۆهی منیت، کچەکە ملی نەدەدا دەیویست بەتۆبزی بیبات و دەستدرێژی بکاتە سەر، بەڵام کچەکە ڕەتی کردەوە و تفی کردە ناوچاوانی و پێیوت تۆسەرسەریت، ئەفسەرەکە فەرمانی بەپاسەوانەکانی کرد کە بچن دایک و باوکی بدۆزنەوە و بیانهێنن، سەربازەکان فرمانەکەیان جێبەجێکرد و هێنایانن بۆناو هۆڵەکەمان، بە بەرچاوی ئەو هەموو خەڵکەوە و بە بەرچاوی دایک و باوکییەوە ئەو بێشەرەفە پانتۆڵی داناو دەستدرێژی کردە سەرکچەکە و دواتریش دووفیشەکی دەمانچەی نابەسەرییەوە. ( بۆ درێژەی ئەم چیرۆکە بڕوانە گەشتەکانی ئەنفالستان -دەزگای سەردەم-بیرەوەری ژمارە ٥٩)

دەی هاونیشتمانییەکی کورد سیاسیەک و مەلایەک و رۆژنامەنوسێک لەبەرامبەر ئەم چیرۆکە و هەزارانی تر بێهەست و بێ هەڵوێست بێت، ئیدی قسەکردنی ئەو لەسەر نیشتمان و ئاین و ئایدۆلۆژیا جگە لە درۆیەکی گەورەی پوچ چیترە ؟

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.